بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی هەولێر: بۆ یەک خولەکیش فڕۆکەخانە دانەخراوە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر رایدەگەیێنێت، هیچ کێشەیەک لە هیچ فڕۆکەیەک لە فڕۆکەخانەی هەولێر رووینەداوە و ئەمڕۆ بەهیچ شێوەیەک فڕۆکەخانە دانەخراوە.
شەوی دووشەممە، 5-12-2022، ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لەبارەی دەنگۆی داخستنی فڕۆکەخانەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هیچ کێشەیەک لە هیچ فڕۆکەیەک لە فڕۆکەخانە رووینەداوە و هیچ فڕۆکەیەک بەهۆی کێشەوە نەبووەتە هۆکاری داخستنی فڕۆکەخانەکە."
ئەمشەو وابڵاوکرایەوە گوایە بەهۆی بوونی کێشەیەکی هونەرییەوە فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانیی عێراق لە فڕۆکەخانەی هەولێر نیشتبێتەوە و بووبێتە هۆی راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان، دواتری لە سۆشیاڵمیدیا وابڵاوکرایەوە ئەو فڕۆکەیە فڕۆکەی هێڵی ئاسمانیی قەتەری بێت.
ئەحمەد هۆشیار دەڵێت: "ئەمڕۆ بۆ یەک خولەکیش هاتووچۆ و گەشتی ئاسمانی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر رانەوەستاوە و ئەو دەنگۆیانە سەرلەبەریان ناڕاستن."