لە سێرتی باکووری کوردستان ئۆتۆمبێلێک تەقییەوە و شەش کەس گیانیان لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
لە سێرتی باکووری کوردستان ئۆتۆمبێلێک لەدوای وەرگەڕانی تەقییەوە و گڕی گرت، بەهۆیەوە شەش کەس گیانیان لەدەستدا. ئۆتۆمبێلەکە بە گازی (LPG) کاریکردووە و تاوەکو ئێستا هۆکاری رووداوەکە بە تەواوی نەزانراوە.
بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، رووداوەکە لە نزیک گوندی خیس خیس، لە شارۆچکەی میسیرجی سەر بە سێرت روویداوە. ئۆتۆمبێلەکە دوای ئەوەی وەرگەڕاوە، تانکیی سووتەمەنییەکەی (LPG) تەقیوە. لەو رووداوەدا شەش کەس گیانیان لەدەستداوە و شۆفێرەکەش بریندارە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، خێزانێکی حەوت کەسی لە نێو ئۆتۆمبێلەکەدا بوون. دایک و پێنج منداڵەکە گیانیان لەدەستداوە و باوکیشیان کە شۆفێرەکەیە، بریندارە.
تیمەکانی پۆلیس گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و لیکۆڵینەوە لە هۆکاری رووداوەکە و تەقینەوەی ئۆتۆمبێلەکە دەستی پێکرد.
بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆ لە وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، ساڵی 2022 لە باکووری کوردستان و تورکیادا 485 هەزار و 48 رووداوی هاتوچۆ روویانداوە. بەهۆیەوە دوو هەزار و 282 کەس گیانیان لەدەستداوە و 291 هەزار و 151 کەسیش برینداربوون.
هەروەها بەگوێرەی راپۆرتی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی گشتیی تورکیا، لە یەکەمین هەشت مانگی 2023 ، کانوونی دووەم تاوەکو ئەیلوولی 2023، 335 هەزار و 111 رووداوی هاتوچۆ لە باکووری کوردستان و تورکیا روویانداوە. بەهۆیەوە هەزار و 946 کەس گیانیان لەدەستداوە و 234 هەزار و 688 کەسیش برینداربوون.