بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی بەردی بناخەی یەکەم سەنتەری نەخۆشیی شێرپەنجە لە دهۆک دادەنرێت
رووداو دیجیتاڵ
بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەردی بناخەی سەنتەری چارەسەری نەخۆشیی شێرپەنجە بە رێگەی تیشک لە دهۆک دادەنرێت. بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی دهۆک دەڵێت، یەکەمجارە ئەو خزمەتگوزارییە تەندروستییانە بۆ نەخۆشەکانی شێرپەنجە لە دهۆک بەردەست دەبێت.
دکتۆر ئەڤراسیاب موسا، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی دهۆک بە رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ پێشنیوەڕۆ لە گەڕەکی هێتوت لە رۆژهەڵاتی سەنتەری دهۆک بەردی بناخەی یەکەم سەنتەری چارەسەری نەخۆشیی شێرپەنجە بە رێگەی تیشک دادەنرێت، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک بەرپرسی دیکەی حکومی و پزیشکان ئامادە دەبن.
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی دهۆک ئاماژەی بەوەش کرد، ماوەی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە 500 رۆژە، بەڵام بە ئومێدن زووتر لە کاتی دیاریکراو تەواوبێت و بخرێتە خزمەتی تووشبووانی شێرپەنجە.
ئەو سەنتەرە لەسەر رووبەری 17 دۆنم دروست دەکرێت بە گوژمەی 17 ملیار و 322 ملیۆن دینار، کە لە 130 ژوور پێکدێت.