وەزیرى خوێندنى باڵا: خانمان رێژەی 57٪ی خوێندکارانى زانکۆ پێکدەهێنن
رووداو دیجیتاڵ
وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى رایگەیاند، خانمان رێژەی 46٪ی دەرچووانی ئەم خولەی زانکۆی کۆیە پێکدەهێنن، هەروەها لەسەر ئاستی سەرجەم زانکۆکانیش خانمان رێژەی 57٪ی خوێندکاران پێکدەهێنن.
ئەمڕۆ یەکشەممە 06-11-2022 خولی دەرچووانی حەڤدەیەمى زانکۆی کۆیە لە هۆڵى فاکەڵتى پەروەردەى وەرزشى زانکۆى کۆیە بەڕێوەچوو.
ئارام محەممەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا لە گوتارێکیدا باسی بەرزیی رێژەی خانمان لە زانکۆکاندا کرد و گوتی: "مایەى شانازییە بەپێی داتای زانکۆکە، خانمان رێژەی 46٪ی دەرچووانی ئەم خولەی زانکۆی کۆیە پێکدەهێنن، هەروەها لەسەر ئاستی سەرجەم زانکۆکانیش خانمان رێژەی 57٪ی خوێندکاران و قوتابییان پێکدەهێنن. هەروەها لەسەر ئاستى ئەنجوومەنى وەزارەتیشمان چوار ئەندامی ئەنجوومەن، سێ سەرۆک زانکۆ و سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای کوردستان بۆ پسپۆڕییە پزیشکییەکان خانمن. ئەمە نیشانی دەدا هەرێمی کوردستان هەنگاوی گرنگی بۆ رەخساندنی دەرفەتی یەکسان بۆ کچان و کوڕانی وڵاتەکەمان ناوە".
وەزیرى خوێندنى باڵا گوتی:" خۆشحاڵین کە دەبینین زانکۆی کۆیە رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر پێشدەکەوێت، ئەم زانکۆیە لە رووی ژێرخان، توانای مرۆیی، ئاستی زانستی و بەرهەمی توێژینەوەی زانستی بەردەوام لە گەشەکردندایە و لە ریزبەندیی نیشتمانی و ریزبەندییە جیهانییەکانیشدا هەمیشە زانکۆی کۆیە پێشەنگی زانکۆکانی کوردستان بووە".
یەکێکی دیکە لەو بابەتانەی ئارام محەممەد قادر جەختی لەسەر کردەوە، بوونی پەیوەندییەکی نێودەوڵەتیی فراوان و کارایی تۆڕی هاوئاهەنگی و پەیوەندیی زانستی زانکۆکی کۆیە بوو لەگەڵ زانکۆ و دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا لەسەر ئاستی جیهان، لەو بارەیەوە دەستخۆشیی لە زانکۆکە کرد بەوەی ئەمساڵ توانیویانە گرانتێکی نێودەوڵەتی لە رێگەی Academy British بەهاوبەشی لەگەڵ زانکۆی ئەڵستەری بەریتانی بە بڕی زیاتر لە یەک ملیۆن دۆلار بەدەستبهێنن.
ئەم گرانتە تایبەتە بە توێژینەوەکانی بواری سیاسەتی ئابووریی پەروەردە و پەرەپێدانی تواناکان لە بواری توێژینەوەی تایبەت بە پەروەردە لە کوردستاندا.