تیمی رووداو دەچێتە ماڵی سەلمان خان لە مۆمبای

رووداو- مۆمبای

دوای سێ‌ رۆژ چاوەڕوانی، مۆڵەتی چوونمان بۆ ماڵی سەلمان خان وەرگرت. كاتێك گەیشتینە بەر دەرگای ماڵەكەی، نزیكەی 40 كەس لەبەر دەرگا وەستابوون، هەندێكیان خەریكی سێڵفیگرتن بوون لەگەڵ خانووەكەی سەلمان خان. 15 كەس پاسەوانی خانووە گەورەكەیان دەكرد. لە دەرگاوانێكمان پرسی مەوعیدمان هەیە دەچینە ژوورەوە، بەڵام گوتی كەس لە ماڵ نییە، دوای ئەوەی خۆمان پێ ناساند. یەكێك لە پاسەوانەكان چووە ژوورەوە، كە گەڕایەوە پرسی: "ئێوە لە كوردستانی عێراق هاتوون؟". گوتمان: بەڵێ‌. ئیدی مۆڵەتیان داینێ‌ بچینە ژوورەوە.


خێزانەكەی بۆڵیوود

سەلمان خان ئەكتەرێكی ناسراوی هیندوستانە و خاوەنی زیاتر لە 100 فیلمە، كوڕی ئەكتەر و سیناریست و پرۆدیۆسەری بۆڵیوود، سەلیم خانە. 

ئەوان لە هیندوستان بە "خێزانەكەی بۆڵیوود" ناویان رۆیشتووە، بەو پێیەی سەلیم خان و هەر سێ‌ كوڕەكەی و زاواكیان لە بۆڵیوود كاریان كردووە. ئێستاش هەموویان لە ماڵێكدا دەژین.

ئەو رۆژەی ئێمە سەردانمان كردن، جگە لە سەلمان خان، هەموو ئەندامانی خێزانەكە لە چوار دەوری سفرەیەك كۆبووبوونەوە.

سەلیم خان، باوكی سەلمان خان، لە ساڵی 1935 لە شاری ئەندور لە هیندوستان لە دایكبووە، باوكی سێ‌ كوڕ و دوو كچە (سەلمان خان، سوهەیل خان، ئارباز خان، ئەلفێرا و ئەربیتا).

سەلیم خان لە ساڵی 1960 وەكو ئەكتەر بەشداری لە فیلمە هیندییەكاندا كردووە، ساڵی 1969 دەستی كردووە بە نووسینی سیناریۆ بۆ فیلم، هەروەها وەكو پرۆدیوسەریش لە بەرهەمهێنانی چەندین فیلمدا بەشدار بووە.

كاتێك لێمان پرسی ئاگادارن فیلمی هیندی لە كوردستان هەوداری زۆرە؟ گوتی: "بەڵێ‌، بەڵێ‌. دەزانم خەڵكی ئەوێ زۆر حەزیان لە فیلمی هیندییە".

ئەو ئاگاداری شەڕی داعشیش بوو. پرسیم: ئامادەنین فیلمێك لەسەر داعش دروست بكەن. سەلیم خان گوتی: "ئەگەر چیرۆكی سەرنجڕاكێشمان بۆ بێت، بەدڵنیاییەوە سیناریۆی بۆ دەنووسین و دەیكەین بە فیلم".

ئەو ئاگاداری چیرۆكی رفاندنی ئافرەتانی ئێزدیش بوو گوتی: "ئەو دوو كچە ئێزدییەی خەڵاتی دایكە ترێزایان وەرگرت، بڕیار بوو سەردانمان بكەن، بەڵام رێكنەكەوت ئەوان ببینین".

سەلیم خان، لە ساڵی 1960 تاوەكو 2003 لە بواری سینەمادا كاری كردووە، ناوێكی دیاری بۆڵیوود بووە، وەكو ئەكتەر بەشداری لە 17 فیلمی بۆڵیووددا كردووە، دواتریش وەكو سیناریست و پرۆدیوسەر كاری كردووە. ئەو كە رۆڵی لە بەرهەمهێنانی 45 فیلمدا هەبووە، دەڵێت: "هەرسێ‌ بوارەكە (ئەكتەر، سیناریست و پرۆدیۆسەر)م خۆشدەوێن".

چەند فیلمێكی ئەكتەری نێوداری هیندستان ئەمیتاب باچان لە سیناریۆی سەلیم خانن: لەوانەش فیلمی شوعلە (1975) و دۆن (1978) . سەلیم خان دەڵێت: "ئێستاش پەیوەندیم لەگەڵ ئەمیتاب باچان زۆر باشە و هاوڕێین".

ئەرباز خان و خێزانەكەی، هەروەها سوهەیل خان و هاوڕێكەی لە ماڵ بوون، ئەوانیش ئەكتەری بۆڵیوودن، بەڵام بە ڕاددەی سەلمان خان ناسراو نین. پرسیمان پەیوەندیتان لەگەڵ سەلمان خان چۆنە. باوكیان هاتە قسە و گوتی: "پەیوەندیمان زۆر باشە، سەلمان كوڕی منە، لەگەڵ من دەژی".
ئەو زۆر پەسنی كوڕەكەی دا و گوتی: "من دەستیم گرتووە، بەڵام خۆیشی كەسێكی بە توانا بوو، بوو بە ئەستێرەیەكی سینەمای هیندوستان".

سەلمان خان، تەمەنی 53 ساڵە، بەڵام هێشتا ژنی نەهێناوە. سەلمان خان لە فیلمەكانیدا زۆرتر رۆڵی كەسانی چەتە و مافیا و شەڕكەر دەبینێ‌، جاروباریش وەكو فریادڕەسی ستەملێكراوان دەردەكەوێ‌. ئەو زۆرتر بە دەموچاوێكی توندوتیژی سینەمای هیندی ناسراوە، بەڵام لە واقیعدا كەسێكی میهرەبانە، چونكە 40%ی داهاتەكەی دەداتە كەسانی هەژار و دەزگا خێرخوازییەكان. سەلیم خان دەڵێت :"دڵم بەو كارانەی سەلمان خان زۆر خۆشە".

سەلیم خان، موسوڵمانە، ژنێكی هیندۆس و ژنێكی موسوڵمانی هێناوە، لە نێو كتێبخانەی ماڵەكەیدا قورئان و تێمپلی بچووكی هیندۆسەكان هەن. ئەرباز و سوهێل خان هاتنە لامان و خۆمان پێناساندن و گوتمان لە كوردستانەوە هاتووین. سوهێل بە زەردەخەنەوە گوتی :"رێزم هەیە بۆ خەڵكی كوردستان".

45 سەعات رێگا بۆ وێنەیەك

شاری مۆمبای یەكێكە لە شارە گەورەكانی هیندوستان، ژمارەی دانیشتووانەكەی 12 ملیۆن و 100 هەزار كەسە. ئەوەی زۆرتر ناوبانگی شارەكەی بە جیهاندا بڵاوكردووەتەوە، شاری پیشەسازیی سینەما و تەلەفزیۆنە كە بە بۆڵیوود ناسراوە. زۆربەی ئەستێرەكانی بۆڵیوود لە مۆمبای دەژین. ماڵی سەلمان خانیش دەكەوێتە ناوچەی بەندرای شاری مۆمبای كە بە ناوچەی ماڵی بۆڵیوودییەكان ناسراوە.

كە لە ماڵی سەلمان خان هاتینە دەرەوە، قەرەباڵغییەكەی بەر دەرگا زیاتر بووبوو. گەنجێك بەناوی ئاتیش لەبەردەرگای ماڵی سەلمان خان، لەگەڵ خێزانەكەی سەرقاڵی وێنەگرتن بوو لەگەڵ خانووەكەی سەلمان خان. كە لێم پرسی خەڵكی چ شوێنێكی و بۆچی هاتووی بۆ ئێرە؟ ئاتیش گوتی: "خەڵكی ویلایەتی كشمیرم، 45 سەعات لە نێو شەمەندەفەردا بووم هەتا گەیشتمە ئێرە، تەنیا بۆ ئەوەی وێنەیەك لەگەڵ خانووەكەی سەلمان خان بگرم".

بەر دەرگای ئەكتەرە ناودارەكانی هیندوستان هەمیشە قەرەباڵغە، هەندێك لە ئەكتەرەكان بە دەگمەن خۆیان پێشانی هەوادارانیان دەدەن، هەندێكیشیان هەفتەی رۆژێكیان داناوە بۆ ئەوەی هەودارانیان ببینن.