مامۆستایەکی دیاری قوتابخانەکانی مەریوان لەسەر کار دەرکرا

رووداو دیجیتاڵ
 
دەستەی پێداچوونەوە بە بڕیارەکان لە وەزارەتی پەروەردەی ئێران سزای دەرکردنی مامۆستایەکی قوتابخانە لە رۆژهەڵاتی کوردستان پەسند دەکات کە بەهۆی بەشداریکردن لە ناڕەزایی پیشەیی مامۆستایان بەسەریدا سەپاوە.
 
دەستەی پێداچوونەوە بە بڕیارەکان لە وەزارەتی پەروەردەی ئێران بڕیاری لیژنەی سەرپێچییە ئیدارییەکانی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی پارێزگای سنەی پەسند کرد لەبارەی دەرکردنی سومەیە ئەختەرشومار، مامۆستای قوتابخانە لە مەریوان.
 
سومەیە ئەختەرشومار بەهۆی ئەندامێتی لە ئەنجوومەنی پیشەیی مامۆستایانی قوتابخانەی ئێران بە دەرکردن لە پیشەکەی سزا دراوە. جگە لەوەش بە بڵاوکردنەوەی بابەت لە سۆشیال میدیا دژ بە کۆماری ئیسلامی و بە لایەنگری لە هێزەکانی دژبەری دەسەڵاتی ئێران تۆمەتبارکراوە.
 
سومەیە ئەختەرشومار 37 ساڵان و خەڵکی مەریوانە. 17 ساڵ پێشینەی وانەگوتنەوە لە قوتابخانەکانی نێوشاری مەریوانی هەیە. لیژنەی سەرپێچییە ئیدارییەکانی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی پارێزگای سنە لە 17-03-2024 ئەو مامۆستایەی بە دەرکردن سزا دا.
 
ئەنجوومەنی پیشەیی مامۆستایانی ئێران سەرکۆنەی دەرکردنی ئەو مامۆستایەی مەریوان دەکات و دەڵێت، بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی سنە هاوکاری لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان دەکات بۆ دروستکردنی دۆسیە و سزادانی مامۆستایان لەو پارێزگایە بێ ئەوەی تاوان یان کارێکی نایاساییان کردبێت.
 
دەستەی پێداچوونەوە بە بڕیارەکان لە وەزارەتی پەروەردەی ئێران دەڵێت، سومەیە ئەختەرشومار دەتوانێ لە ماوەی سێ مانگدا تانە لە بڕیارەکە بدات و ئەگەر تانەی لێبدات دۆسیەکەی دەچێتە دیوانی باڵای دادپەروەری ئیداریی ئێران و لەوێ بڕیاری کۆتایی لەسەر دەدرێت.