نێچیرڤان بارزانی: بانگەشەی تێکدان و رووخاندنی کوردستان هاواری بێ هوودەیە

رووداو دیجیتاڵ
 
نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، "لە هەر شوێنێک پارتی باڵادەست بێ ئاوەدانی هەیە" و داوایکرد "متمانە بە پارتی بدرێتەوە تاوەکو لەسەر پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەی ئابووری بەردەوام بێت".
 
رۆژی یەکشەممە، 6ی تشرینی یەکەمی 2024، نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئاهەنگی بانگەشەی حیزبەکەیدا لە هەولێر گوتارێکی بۆ ئەندام و لایەنگر و کادیرانی پارتی پێشکێشکرد و گوتی، ''ئەمڕۆ هەر لە چاوی ئێوەدا دەبینم سەرکەوتنی پارتی مسۆگەرە''.
 
نێچیرڤان بارزانی، بە جلی گەنجانە و نافەرمی گوتارەکەی پێشکێکرد و گوتی، "ئەمڕۆ ئێمە لێرە کۆبووینەتەوە تاوەکو لەژێر مەشخەڵی 78 ساڵەی پارتی، ئاهەنگی بانگەشەی هەڵبژاردن بگێڕین، چیرۆکی گەلی کوردستان و پارتی بوونەتە دووانەیەک هەرگیز لەیەکدی جیاناکرێنەوە، پارتی لە تاریکترین مێژووی سیاسیماندا، چرایەکی رۆشن و هێزێکی پۆڵایین دژی سیستمی داپڵۆسین بووە بۆ ئازادی و دیموکراسی و دادپەروەری".
 
نێچیرڤان بارزانی، ئاماژەی بە خەباتی پارتی لە رابردوو و ئێستا و ئایندە کرد، گوتی، "لە رابردوودا رێگەمان ئاسان نەبووە، ئێستاش بێ گرفت نین، لە ئاییندەی دوور و نزیکیشدا بێ گرفت نابین، ئەمە رەوتی ژیانە، بەڵام ئەوەی گەلی کوردستان دەبێت بزانێت، پارتی سەربەرزانە مەشخەڵی درەوشانەوەمان بەرز راگرتووە و پەیمانی داوە بەردەوام دەبێت لەسەر ئەم رێگەیە، دڵنیام بەهیممەتی گەلی کوردستان خەونی دێرینمان دێتە دی، پارتی مەشخەڵی درەوشانەوەی خەبات و قوربانی لە نەوەی پێش خۆی بە ئەمانەت وەرگرتووە، دەبێت نەوەی ئێستای پارتیمان ئەو مەشخەڵە هەڵبگرن و بەرەو پێشەوەی ببەن".
 
"رەنگی زەردی پارتی، خۆری ئاڵای کوردستانە"
 
جێگری سەرۆکی پارتی هەروەها باسی لە رەنگی زەردی پارتی، کە لە خۆری ئاڵای کوردستانەوە وەرگیراوە کرد و گوتی، "خۆری ئاڵای کوردستان و خۆری دروشمی پارتی، پەیامی بۆ ئێمە و گەلی کوردستان ئەوەیە، کە دەڵێت دەبێت هەمیشە بدرەوشێنەوە و هێزی و هیوامان نوێ بکەینەوە و رۆژی پارتی هەمیشە هەڵهاتووە و هەمیشە هەڵدێتەوە بۆ خەبات و گەل و نیشتمان، گەلەکەمان بە زۆر قۆناخی تاریک و پڕ لە نەهامەتی و شکستدا تێپەڕیوە، بەڵام هیچکات نە شکست پێناسەی پارتی بووە، نە بێ هیوایی.پێناسەی ئێمە وەک میللەت وەک پارتی خۆر و تیشک و پڕشنگ و رووناهی و گەشەی ژیانە، پارتی وا لە دایک بووە، وا بەردەوام بووە و هەر بەو رەوتەش بەردەوام دەبێت".
 
نێچیرڤان بارزانی پارتی لە حیزبێکی سیاسی بە گەورەتر دانا و وەک بزووتنەوەیەک پێناسەی کرد "پارتی لە پارتێکی سیاسی گەورەتر بووە، ئێمە بزووتنەوەیەکین بووینە چرای رۆشنایی گەلی کوردستان بە هەموو پێکهاتەکانیەوە، لە رابردوودا ئێمە تاریکیمان رەواندووەتەوە، لە سەردەمی ئێستامان دەستپێشخەر و سیمبوولی گەرەنتی و ئاوەدانی و سەقامگیریی و ئاسایش و پێشکەوتنی کوردستانین". 
 
هەروەها لە درێژەی گوتارەکەیدا لەبارەی پارتی گوتی، "بارزانی نەمر لە ساڵی 1946 پارتی دیموکراتی کوردستانی دامەزراند، تەنیا رێکخراوێک نەبووە وەک رێکخراوەکانی پێش خۆی، بەڵکو پارتی بووە ئەستێرەیەکی نوێی ژیان بۆ گەلی کوردستان، کە لەمێژبوو بێبەش بوو لە ماف و دەنگ و ناسنامەی خۆی و ئێمەی رێڕەوانی پارتی، رێبازی پیرۆزی بارزانی، پابەندین بەو رێبازەوە نەک لەبەر بارزانیبوون، نەک لەبەر ئەوەی پارتییان دامەزراند، بەڵکو لەبەر ئەوەی رێبازی کوردایەتی و خۆڕاگری و خەباتی رەوای گەلێکی ژێردەستیان بەرجەستەکرد".
 
نێچیرڤان بارزانی زیاتر گوتی، "لەم هەرێم و کوردستانەی ئێمە، کەم خێزان و بنەماڵە هەن شەهید و قوربانییان نەدابێت، رەنگی سووری ئاڵاکەمان بەبیرهێنانەوەی بەردەوامی خوێنی ئەو شەهیدە نەمرانەیە، ئەوانەی کە ژیانی خۆیان بەخت کرد تا ئێمە لێرە بە ئازادی یەکتری ببینین و قسە بکەین، بە زمانی خۆمان قسە بکەین و ئاهەنگ بگێڕین لە پێناو نیشتمانەکەماندا کاروانی خەبات درێژە پێ بدەین، ئێمە وەفادار و سوپاسگوزارین ژن و پیاوی ئەم گەلەین، کە ژیانی خۆیان بەخشیوە لە پێناو ئازادیدا".
 
"سوپاسی خۆڕاگریی گەلی کوردستان دەکەم"
 
بارزانی سوپاسی خەڵکی کوردستانی کرد، کە لە ساڵانی رابردوودا بەرگەی گوشارەکانی سەر هەرێمی کوردستانیان گرتووە، "لێرەدا دەمەوێت سوپاسی خۆڕاگری گەلی کوردستان بکەم، چونکە سەرباری رووبەڕووبوونەوەی بارودۆخێکی دژوار، هەر لە بڕینی مووچەوە و هەڕەشەی داعش بۆ نەهێشتنی ئاسەواری ژیان لە کوردستان و ناوچە دابڕاوەکان، سەرباری گەمارۆی سەربازی، داخستنی ئاسمان و سنووری کوردستان، گەلی کوردستان پشتیوان بوون لە پەرلەمان و حکومەت و سەرۆکایەتی هەرێم و هێزی پێشمەرگە و ئاسایشی کوردستان".
 
نێچیرڤان بارزانی لە بەشێکی زۆری گوتارەکەیدا باسی لە هەنگاوەکانی داهاتوو کرد و جیهانبینی پارتەکەی بۆ داهاتووی کۆمەڵگەی کوردستانی روونکردەوە "دەبێ لەگەڵ گەشەکردنماندا، ئەم پرەنسیپانە لە کرۆکی هەموو کارەکانمان ئامانجمان بن، بونیادنانی کۆمەڵگەیەک کە هەموو تاکێک تێیدا بتوانێت دادپەروەر و سەربەرز بێت، ئێمە دەبێت وەک مەشخەڵی نەورۆز، کوردستان رۆژ بە رۆژ بەردەوام بێت لە پێشکەوتن و نوێکردنەوەی هیوا، بۆ گەلی کوردستان بۆ هەموو ئەوانەی باوەڕیان بە ئازادی و دادپەروەری و شکۆمەندی کوردستان هەبێت. تەنیا دەنگی ئازاد و بوێرانەی ئێوە و گەلەکەمان گەرەنتییە بۆ بەردەوامبوونی گەشەی سیاسی، کۆمەڵایەتی و کولتووری وڵاتەکەمان بە رابەرایەتی جەنابی سەرۆک بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستان".
 
لە هەمانکاتدا نەیشاردەوە کە کەموکوڕیش هەبووە لەپاڵ دەسکەوتەکاندا و گوتی، "تەنیا ئەو کەسانەی خۆیان لە بەرپرسیارێتی دەدزنەوە بێ کەموکوڕین، ئەوەی لای ئێمەی پارتی ئاشکرایە ئەوەیە، ئێمە بێ کەموکورتی نین، هەموو ئامانجی گەلی کوردستان بە شەو و رۆژێک نایەتە دی، دەزانین کە کەشوهەوای کوردستان و پرۆسەی سیاسی لەم کەشوهەوایە ئاسان نەبووە، ئێمە بە بەرپرسیارێتی خۆمان دەزانین کە کەموکوڕییەکانی کارکردنمان دەستنیشان بکەین و چارەی گونجاویان بۆ بدۆزینەوە و بە خۆماندا بچینەوە تاوەکو بزانین لە چ بوارێک و ئاستێک بەباشترین شێوەی گۆڕانکاری بکەین، چۆن بتوانین لە چەند ساڵی داهاتوودا خزمەتی هاووڵاتییان و نیشتمانەکەمان بەشێوەیەکی باشتر بکەین".
 
نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بە گوتەێکی سەرۆک بارزانی کرد، کە لە پاش راپەڕینی 1991، لە شاری کۆیە داوایکرد لەرێگەی سندووقی دەنگدانەوە حوکمڕانی کوردستان یەکلابکرێتەوە و گوتی "پارتی و سەرۆکی پارتی بەردی بناخەی دیموکراسییەتی لە کوردستان داناوە. لەوساڵەوە و تاوەکو ئێستا خەرمانێکی گەورەمان لە دەستکەوت و ئاوەدانکردنەوە و دابینکردنی هەلومەرجی ژیان بۆ گەلەکەمان بەدەستهێناوە، دیارە ئێوەش دەزانن و ئێمەش دەزانین کە هەموو ئەو کارو پڕۆژانە بێ کەموکوڕی نین، بەڵام گرنگ ئەوەیە دیسانەوە لەو هەڵبژاردنانەی کە لە پێشمانە متمانە بە پارتی بدرێتەوە، تاوەکو لەسەر پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەی ئابووری بەردەوام بێت".
 
"متمانە بە پارتی بدەنەوە"
 
جێگری سەرۆکی پارتی داوای لە ئامادەبووان و ئەندامانی پارتی کرد، متمانە بە پارتی بدەنەوە و گوتی "متمانەی نوێ بە پارتی واتە گواستنەوەی کوردستان لە قۆناخی ئێستاوە بەرەو قۆناخێکی باشتر و ئاوەدانتر و ئاسوودەتر بۆ هەموو گەلی کوردستان".
 
نێچیرڤان بارزانی کە بە جۆش و خرۆشەوە گوتارەکەی پێشکێش دەکرد، گوتی "خەڵکی دیکە و لایەنەکانی دیکە ململانێ دەکەن بۆ ئەوەی تۆزێک بگەنە ئاستی پارتی، ئێمە وەکو پارتی قۆناخی ململانێمان بەجێهێشتووە و ئامانجی ئێمە زۆر گەورەترە لەو ململانێیە، ئامانجی ئێمە وەکو پارتی گواستنەوەی کوردستانە بۆ قۆناخێکی پێشکەوتووتری حوکمڕانی لە هەموو رووییەکەوە. پێشەنگیی پارتی واتە گەرەنتی سەرکەوتنی ئەو پرۆسەیەی کە لە 4 ساڵی داهاتوودا لە پێشمانە، دەبێت دەستکەوتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 1992ەوە تاوەکو ئێستا وەکو چاوی خۆمان بیپارێزین، ئەرکی مێژوویی ئێمەی پارتی ئەوەیە هیچ لەو دەستکەوتانە لە دەست نەدەین و بە ویژدانەوە ئاییندەی چوار ساڵی داهاتووی حکومەت و پەرلەمان دیاری بکەین".
 
لە هەمانکاتدا نێچیرڤان بارزانی داوای لە لایەنگرانی پارتی کرد، بانگەشەی هەڵبژاردن لەسەر بنەمای رێز بێت و گوتی "هەرچی دەکەین با بانگەشەی هەڵبژاردن لەسەر بنەمای رێز بێت، بۆ رێبازەکەمان، بۆ شەهیدان، بۆ قوربانی و ئەرکی پاراستنی دەستکەوتەکانمان، ناکرێت و نابێت پارتی رێگە بدات نە خۆی و نە رکابەرانی لە پێشبڕکێی سیاسیدا ببنە هۆی تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری و ئازادی کوردستان. پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان لە ئەستۆی هەریەک لە دەنگدەر، ئەندامان و سەرکردایەتی پارتیدایە، ئەمە ئەرکێکی مێژووییە و نابێت بۆ یەک ساتیش لێی دووربکەوینەوە، تێکدانی هەرێمی کوردستان مافی هیچ هێز و لایەنێک نییە، هەموو هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بەرپرسن لە پاراستنی ئەو دەستکەوتە گەورانەی قوربانیمان بۆ داوە، میللەتی ئێمە ئەنفالکراوە، کیمیابارانکراوە، راگوێزراوە، ئاوارە بووە، خەباتی کردووە، تێکۆشاوە لە پێناو گەیشتن بەم رۆژەدا، هەر کەسێک هەر لایەنێک بانگەشەی تێکدان و رووخاندن و لەناوبردنی کوردستان بکات، هاواری بێ هوودە دەکات، ئەو کوردستانەی بە خوێنی شەهیدانی هەموو پێکهاتە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئایینی و ئایدۆلۆژی گەیشتووەتە ئەم رۆژە، ئەم سەروەری و دەستکەوتانەی ئەمڕۆ، ئەو کوردستانەی کە بە هەڕەشە و هێرشی دوژمنان تێک نەچووە و نەرووخێندراوە، بە هات و هاوار و بانگەشەی هەڵبژاردنیش ناڕووخێت".
 
"دەنگ بدەن بە ئاوەدانی و بونیادنان، نەک تێکدان و رووخاندن"
 
وەک ئاماژەیەک بۆ ئەو دروشمانەی باسی رووخاندن و کۆتاییهێنان دەکەن، نێچیرڤان بارزانی گوتی "تێکدانی کوردستان و رووخاندنی دەستکەوتەکانی ئەم میللەتە لە فەرهەنگی سیاسی پارتی و هێزی سیاسی بەرپرسیاردا جێی نابێتەوە، لە مێژووی سیاسیماندا وەک پارتی بەوپەڕی سینگفراوانی و بەرپرسانەوە هەمیشە دەستپێشخەری هاوکاری و کاری پێکەوەیی بووین، ئێمە داوا لە هاووڵاتییان و دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان دەکەین بەرپرسیارانە و وەفادارانە بۆ پاراستنی دەستکەوتەکان بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان دەنگ بدەن بە هێزی پاراستنی کوردستان، دەنگ بدەن بە لیستی پارتی بۆ بەردەوامی ئاوەدانی و بونیادنان، نەک بۆ تێکدان و رووخاندن".
 
گوتیشی، "پارتی منەت بە سەر هیچ کەسێکەوە ناکات، هەرچی دەیکەین و کردوومانە لە کار و خزمەتی رۆژانەوە بگرە، تا شەهیدبوونی پێشمەرگە و ئەندامان و لایەنگرانمان، ئەوە ئەرکی سەرشانمانە بۆ خۆمان ئازادانە ئەو بەرپرسیارێتیەمان لە ئەستۆ گرتووە، بۆ پتر گەیاندنی خزمەت بە هاووڵاتییان و بۆ کەسوکاری شەهیدانی پێشمەرگە، داوای لێبووردن دەکەین لە گەلی کوردستان لە کەموکوڕییەکانمان و لە هەمان کاتدا سوپاسی بێ پایانیان دەکەین بۆ ئەو متمانەیان کە بە پارتەکەیان هەیە، ئێستاش کاتی ئەوە هاتووە بەڵێن و متمانەمان بۆ پارتی نوێ بکەینەوە، چونکە پارتی بەهێزە بە سەرۆک و دەنگدەرانی خۆی، لە سایەی حوکمڕانی پارتی سەیری دەستکەوتەکان بکەن، تەماشای هەولێری پێنج ساڵ پێش ئێستا بکەن و لەگەڵ ئێستا بەراوردی بکەن، زاخۆ پێنج ساڵ پێش ئێستا وابوو؟ سۆران، دهۆک پێش پێنج ساڵ وابوون؟ ئەمانە هەمووی لە سایەی حوکمڕانی پارتی دروست بوونە و شانازی پێوە دەکەین و منەت نییە، چونکە گەلی کوردستان شایستەی خزمەتکردنی زیاترە لەوەی ئێستا هەیە".
 
لە کۆتاییەکانی گوتارەکەیدا نێچیرڤان بارزانی، ئاماژەی بە دۆخی سیاسیی ئەو ساڵانەی دوایی کرد، کە ئەو پێی وایە تێیدا کێشە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان دروستکراوە و گوتی، "ئەگەر سەیری رابردووی ئەو کێشانە بکەین، کە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان دروستکراون و هاتوونەتە پێش، دەبینین ئێمە رێگەیەکی دوورمان بڕیوە و ئێستاش لەبەردەم خۆڕاگری گەلەکەمان و شەهیدان، پارتی سەربەرزە بەوەی هەموو کات گەلی کوردستانی لە پشت بووە".
 
"لەم هەڵبژاردنە و تاقیکردنەوەیەش پارتی سەربەرزانە دەردەچێت، پارتی جارێكی دیکە بە خۆڕاگری دەنگدەرانی و بە ئومێدەوە پەرلەمان و حکومەتێكی یەکگرتوو دروست دەکەین و هێزێکی پێشمەرگەی یەکگرتوو دروست دەکەین و بەرەو پێشەوە دەڕۆین، بە دەنگ و متمانەی دەنگدەران کەموکوڕییەکان چارەسەر دەکەین و پارتی سەردەکەوێت"، نێچیرڤان بارزانی وای گوت.
 
هەروەها گوتی، "متمانە بە پارتی بکەن و گوێ بە هاوار و بانگەشەی رووخێنەری خەڵکی دیکە مەدەن، ئەوانە هیچیان پێ نییە، چونکە دڵنیابن شەرەفی گەورەی پاراستنی کوردستان، پاراستنی خوێنی شەهیدان و بەرخودانی لە ئەستۆی خەڵکی کوردستانە".