هەسەدە: پێنج سەربازی تورکیامان لە باکووری تل تەمر کوشت
رووداو دیجیتاڵ
هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە کوشتنی پێنج سەربازی تورکیا و بریندارکردنی 10ی دیکە لە باکووری شارۆچکەی تل تەمر لە رۆژئاوای کوردستان رادەگەیێنێت.
ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە رۆژی هەینی 6ی تشرینی یەکەم بڵاویکردەوە، "لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی هێزەکانمان بۆ وەڵامدانەوەی هێرش و دوژمنکارییەکانی داگیرکارکاریی تورک بۆ سەر ناوچەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، هێزەکانمان دوو هێرشی سەربازییان بۆ سەر بنکەکانی داگیرکاری تورک ئەنجامدا".
راگەیێندراوەکە ئاماژە بەوە دەکات، ئەو هێرشانە رۆژی پینجشەممە ئەنجامدراون و هەردوو بنکەی بابولفەرەج و عەبدولحەی لە باکووری شارۆچکەی تل تەمر کراونەتە ئامانج کە بوونەتە هۆی کوژرانی 5 سەربازی تورکیا و برینداربوونی 10ی دیکە.
ئەوە لە کاتێکدایە، تاوەکو ئێستا ئەنقەرە کوژرانی یەک سەربازی خۆی لە سنووری گوندی دابق لە ناوچەی ئەعزازی پارێزگای حەلەب بە هێرشێکی مووشەکی بۆ سەر بنکەیەکی هێزەکانی راگەیاندووە.
تورکیا دوای هێرشێک بۆ سەر ئاسایشی گشتی لە ئەنقەرە، هێرشە ئاسمانییەکانی بۆسەر شەڕڤانان و ژێرخانی ژێر کۆنترۆڵی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە رۆژئاوای کوردستان و گەریلا لە هەرێمی کوردستان چڕکردووەتەوە.
هێرشەکە رۆژی 1ی تشرینی یەکەم بوو، کاتێک دوو کەس لە بەردەم ئەو بەڕێوەبەرایەتییە لە ئەنقەرە لە ئۆتۆمبێلێک دابەزین؛ یەکێکیان خۆی تەقاندەوە و ئەوی دیکەش لە لایەن پۆلیسەوە تەقەی لێکرا و کوژرا. لە هێرشەکەدا دوو پۆلیسی تورکیا برینداربوون.
تورکیا باس لەوە دەکات کە دوو هێرشکارەکە لە ناوچەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرەوە چووبوونە تورکیا، بەڵام بەرپرسانی هەسەدە ئەوە رەتدەکەنەوە.
ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا بە شێوەیەکی سەرەکی کێڵگە و بیرە نەوتییەکان؛ هەروەها دامەزراوەکانی دیکەی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدە و بارەگا چەکدارییەکانیان دەکەنە ئامانج.
هەسەدە هاوبەشێکی سەرەکیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشە لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا؛ یەپەگەی باڵی چەکداریی پەیەدە پێکهێنەرێکی سەرەکیی هەسەدەیە.
لە دوای بەزاندنی داعش لە ساڵی 2019 لە رۆژئاوای کوردستان و بەری رۆژهەڵاتی رووباری فورات، بەردەوامی پاڵپشتییەکانی ئەمریکا بۆ هەسەدە بوونە هۆی ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەکانی ئەنقەرە و واشنتن.
ئەو ئاڵۆزییانە بە زەقی دەرکەوتن، کاتێک رۆژی پێنجشەممە 5ی تشرینی یەکەم، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا درۆنێکی تورکیایان خستەخوارەوە، دوای ئەوەی بە هەڕەشە بۆسەر هێزە ئەمریکییەکان دانرا.
فەخرەدین ئاڵتون، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، رۆژی هەینی، پشتیوانیی وڵاتە بیانییەکانی بۆ هەسەدە بە "گەمژەیی گەورە" ناوبرد. ئاڵتون گوتی، "سیاسەتی هەڵەی پشتیوانیکردنتان بۆ گرووپە تیرۆریستییەکان بگۆڕن."