وەزارەتی پەروەردە داوا دەکات لە سیستەمی یەکپۆشیدا گوشار نەخرێتە سەر قوتابییان

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوا لە کارگێڕیی ناوەندەکانی خوێندنی حکومی دەکات لە گرتنەبەری رێکارەکانی تایبەت بە سیستەمی یەکپۆشی، گوشار نەخەنە سەر قوتابییان و خوێندکاران لەکاتی پابەندنەبوونی تەواویان بە سیستەمەکە.
 
بەپێی نووسراوی ژمارە 19738ـی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان کە لە رۆژی چوارشەممە، 6-9-2023 دەرچووە و واژی رەگەز رەشید، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتەکەی لەسەرە و ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردە لە هەولێر، سلێمانی، دهۆک، گەرمیان، هەڵەبجە، سۆران، زاخۆ و راپەڕین. کراوە، داوا کراوە "بە لەبەرچاوگرتنی باری گوزەرانی هاووڵاتییان، پێویستە لەسەر کارگێڕی سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی حکومی گوشار نەخەنە سەر قوتابییان و خوێندکاران لەکاتی پابەندبوونی تەواویان بە یەکپۆشی و ئاسانکارییان لە سیستەمی یەکپۆشی بۆ بکرێت تاوەکو بەنووسراوی فەرمی ئاگادارتان دەکەینەوە."
 
لە نووسراوەکەدا هەروەها هاتووە "هیچ ناوەندێکی خوێندنی حکومی، نابێت لێکدانەوەی شەخسی بۆ ئەم بابەتە بکەن و نابێت رێگە لە ئامادەبوونی قوتابییان و خوێندکاران بگرن لەدەوام کردن، بەهۆی جێبەجێنەکردنی تەواوی سیستەمی یەکپۆشی، لە هەمانکاتیشدا پێویستە قوتابیان و خوێندکاران جلوبەرگیان گونجاو بێت بۆ ناوەندەکانی  خوێندن."
 
رۆژی چوارشەممە 6-9-2023 عومەر محەممەد، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: بڕیارەکە بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی دارایی خەڵک دراوە.
 
جێگری بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی گوتیشی "چەند ساڵێک بوو بەشێک لە ناوەندەکانی خوێندنی حکومی لەگەڵ ژمارەیەک کۆمپانیا رێککەوتبوون و بەشێکشیان بەسەر کەسوکاری قوتابییان سەپاندبوونیان کە دەبێت لەو شوێنە جلوبەرگ بکڕن (کە دیاریانکردووە) و، لە شوێنی دیکە نەیکڕن."