فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە: دوو هاونیشتمانییەکە لە سعودیە ئازادکران


رووداو دیجیتاڵ

فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بە هەوڵی ئەوان، توانراوە دوو هاونیشتمانیی خەڵکی هەرێمى کوردستان ئازادبکرێن کە لە وڵاتی سعودیە دەستگیرکرابوون. گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف دەڵێت، "بەهۆی بەرزکردنەوەی ئاڵا و یارییەوە دەستگیرکرابوون، چونکە بەرزکردنەوەی ئاڵا و دروشمی هەر وڵاتێک لە سعودیە رێگەپێنەدراوە."
 
رۆژی چوارشەممە، 06-09-2023، فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، "رۆژى سێشەممە 5ـی ئەیلوول، دوای هەوڵى بەردەوامی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لەگەڵ حکومەتی شانشینی سعودیە، توانرا هەردوو هاووڵاتیی هەرێمى کوردستان سەباح محەممەد موسا و سالار کەریم عەزیز ئازاد بکرێن و بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە هەولێر بە کەسوکاریان شادبوونەوە".
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، ئەو دوو هاونیشتمانییە لە 12ـی ئاب لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی شانشینی سعودیە لە شاری تائیف دەستگیرکرابوون و دەشڵێت، "ئەو دوو هاوڵاتییە بەمەبەستی بینینیی یاریی تۆپی پێی نێوان دوو یانەی ئەو وڵاتە سەردانی شاری تائیفیان کرد و هیچ تاوانێکیان ئەنجام نەدابوو تاوەکو شایانی سزادان و زیندانیکردن بن. ئەوەی روویداوە تەنیا ناشارەزایی بووە بە هەندێک رێسای ئەو وڵاتە."
 
نەبەز ئیسماعیل، گوتەبیژی وەزارەتی ئەوقاف لەو بارەوە ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "وەزارەتی ئەوقاف لە رێگەی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە پەیوەندی بە دەسەڵاتدارانی سعودیە کردووە و دەرکەوتووە بابەتەکە تەنیا هەڵە تێگەیشتنێک بووە، چونکە لە سعودیە بەرزکردنەوەی ئاڵای هەر وڵات و گوتنەوەی هەر دروشمێک رێگە پێنەدراوە. بابەتەکە تەنیا پەیوەندی بە یاری و بەرزکردنەوەی ئاڵاوە بووە و دوای ئەوەی زانیویانە کوردیشن ئازادکراون و هیچ ئازارنەدراون".
 
بە گوتەی نەبەز ئیسماعیل، "بابەتی رێگەپێنەدان بۆ بەرزکردنەوەی ئاڵا لە سعودیە تەنیا بۆ کوردستان نییە بەڵکو گوتنەوەی دروشمی هەموو وڵاتێک لەسعودیە رێگەپێنەدراوە. بە پیچەوانەوە پەیوەندییەکی زۆر باش لە نێوان سعودیە و هەرێمی کوردستان هەیە."
 
رۆژی دووشەممە 04-09-2023 شێخ نیاز نەقشبەندی، بەڕێوەبەری حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، ئەو دوو کەسە بە ناوەکانی سەباح و سالارن و سەرەتای مانگی ئاب گەشتی عەمرەیان هەبوو و هاونیشتمانیان بردووە بۆ عەمرە، لەوێوە سەردانی شاری تائیفیان کردووە بۆ بینینی یاری و بەهۆی وێنەگرتنەوە دەستگیرکراون. 
 
فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستانیش لە راگەیێندراوەکەی لەبارەی ئازادکردنی ئەو دوو هاونیشتمانییە سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی باڵیۆزخانەی عیراق لە سعودیە و کونسوڵگەری گشتی لە جەدە دەکات لەبەرامبەر هاوکاری و هاوئاهەنگیان لە دۆسیەی ئاماژە پێکراو.