هاوسەرۆکی پێشووی شارەوانیی دێرسم ئازادکرا
رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی پێشووی شارەوانیی دێرسم دوای هەشت ساڵ مانەوە لە زیندان ئازادکرا.
محەممەدعەلی بول، هاوسەرۆکی پێشووی شارەوانیی دێرسم کە لە ساڵی 2016 بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە رێکخراوێکی تیرۆریستی" دەستگیرکرا و قەییووم لە شوێنی دانرا، ئێوارەی رۆژی سێشەممە، 5ی ئەیلوولی 2023 ئازاد کرا.
ئایتەن کۆردو، پەرلەمانتاری پارتی چەپی سەوز-یەسەپە لە بازنەی دێرسم و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەو پارتە و ماڵباتەکەی لە فڕۆکەخانەی خارپێت پێشوازییان لە محەممەدعەلی بول، هاوسەرۆکی پێشووی شارەوانیی دێرسم کرد و دواتر بەرەو دێرسم بەڕێکەوتن.
محەممەدعەلی بول لە هەڵبژاردنە خۆجێیەکانی ساڵی 2014 لەلایەن پارتی ئاشتی و دیموکراسی-بەدەپە بۆ شارەوانی دێرسم بەربژێر کرا و لە هەڵبژاردنەکەدا 42٪ـی دەنگەکانی بەدەستهێنا و بووە هاوسەرۆکی شارەوانی دێرسم.
محەممەدعەلی بول کە لە 17ـی تشرینی دووەمی 2016 دەستگیرکرا و لەلایەن دادگەی باڵای تاوانی دێرسمەوە سزای هەشت ساڵ و نۆ مانگ زیندانی بەسەردا سەپێندرا، لە زیندانی سینجان لە ئەنقەرە زیندانی بوو. ئەو خێزاندارە و باوکی دوو منداڵە.