ئاگر لە کەمپی هەرشەم لە هەولێر کەوتەوە و شەش ماڵ بە تەواوی سووتان
رووداو دیجیتاڵ
ئاگر لە کەمپی هەرشەم 1 لە هەولێر کەوتەوە و بەهۆیەوە شەش ماڵ بە تەواویی سووتان و هیچیان بۆ دەرنەچووە. هاونیشتمانییەک دەڵێت، سەرجەم بەڵگەنامەکانیان سووتاوە، بەڵام زیانی گیانی نەبووە.
رووداوی ئاگرکەوتنەوەکە نزیک کاژێر 06:00ی بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە 6-9-2022 بووە. هادی سەلیمی، پەیامنێری رووداو لە شوێنی ئاگرەکە گوتی، بەگوتەی دانیشتووانی کەمپەکە ئاگرەکە زۆر گەورە بووە و چەند جارێک کارەبای گشتی هاتووە و رۆیشتووە و دواتر شۆرتی کردووە و کەمپەکە ئاگری گرتووە.
پەیامنێری رووداو دەڵێت، ئاگرەکە شەش کەرەڤانەی بە تەواوی سووتاندوون، دواتر چەند کەسێک کە ئاگاداری سەرەتای ئاگرەکە بوون دانیشتووانی کەمپەکەیان ئاگادارکردووەتەوە و توانیویانە لەنێو ماڵەکانیان بێنە دەرەوە، بەڵام ئەوەی لەنێو کەرەڤانەکاندا بووە بە تەواویی سووتاوە.