ئامادەکاری بۆ تۆمارکردنی هەورامان لە لیستی ناوچە دێرینەکانی یونسکۆ دەکرێت

 
 
رووداو دیجیتاڵ

پارێزگاری کرماشان رایگەیاند، هەوڵ و ئامادەکارییەکان بۆ تۆمارکردنی هەورامان لە لیستی ناوچە شوێنەواری و دێرینەکانی یونسکۆ دەستیپێکردووە و کۆمیتەیەکی تایبەت پێکدەهێنن و کێشەی بودجەشی چارەسەر دەکەن.
 
هۆشەنگ بازوەند، پارێزگاری کرماشان رایگەیاند، ئەو کۆمیتەیەی بۆ ئەو مەبەستە پێکدەهێنرێت لە نوێنەرانی دامودەزگا جۆراوجۆرە حکومییەکانی پارێزگای کرماشان پێکدێت و ئامادەکاریی بۆ تۆمارکردنی هەورامان لە یونسکۆدا دەکات. 
 
بازوەند دەڵێت، "تۆمارکردنی هەورامان لە یونسکۆ دەرفەتێکی زێڕینە بۆ پەرەپێدانی گەشتیاریی ناوچەکە و دەبێت بە هەموو شێوەیەک هەوڵی جیددی بدەین سوود لەم هەلە وەربگرین".
 
بڕیارە لە دوو هەفتەی داهاتوو چاودێرانی یونسکۆ سەردانی هەورامان بکەن و لە رووی فەرهەنگی و مێژووییەوە هەڵسەنگاندنی بۆ بکەن.
 
دۆسیەی هەورامان کۆتایی زستان بە یونسکۆ درا و سەرەتای بەهار یونسکۆ رایگەیاند کە ئەو ناوچەیە بۆ ئەوە دەبێت لە ئاستی جیهانیدا تۆمار بکرێت.
 
ئومێد قادری، بەڕێوەبەری میراتی کولتووریی کرماشان نایشارێتەوە هەندێک گرفت لەبەردەم تۆمارکردنی هەوراماندا لە یونسکۆ هەیە و دەڵێت، "ئەگەر بتوانین ئەم کێشانە چارەسەر بکەین، تاوەکو بەهاری ساڵی داهاتوو هەورامان لە یونسکۆ تۆمار دەکرێت".
 
تۆمارکردنی هەورامان 700 گوند و هەزار و 100 ئاسەواری مێژوویی دەگرێتەوە، 60٪ـی ئەو ناوچەیە لە پارێزگای کرماشان و 40٪ـیش لە پارێزگای سنەدا هەڵکەوتووە. ئەم دۆسیەیە هەروەها جەژنەکان و رێوڕەسمەکانی ئەم ناوچەیەش دەگرێتەوە، لەگەڵ شێوازی بیناسازی 36 گوند.
 
لە هەندێک لە گوندەکانی هەورامان خەڵک خانووە کۆنە بەردینەکانیان کە سیمبولی هەورامانن بە خشت و کەلوپەلی دیکەی بیناسازی نوێ و هەروەها بە دیزانی نوێ دروستدەکەنەوە، کە ئەمە خۆی مەترسییەکە لەسەر تۆمارنەکردنی هەورامان لە یونسکۆ.
 
محەممەد حەسەن تاڵبیان، جێگری وەزیری میراتی کولتووری و گەشتیاریی سەبارەت بە تۆماری جیهانیی هەر ناوچەیەک لەلایەن یونسکۆوە دەڵێ: "ئەمە گرنگترین هۆکاری سەرنجڕاکێشانی گەشتیارە و گەشتیاران پێش هەر شتێک دەیانەوێت بزانن ئەو شوێنە لە یونسکۆدا تۆمار کراوە یان نا".
 
ئەو دەشڵێت، زیاتر لە 200 وڵات ئەندامی ئەو رێکخراوەن و هەر شوێنێک لە یونسکۆ تۆمار بکرێت لە سەردەمی شەڕ و قەیرانەکاندا یارمەتیی دەدەن و دەبێت ئاسایشی پارێزراو بێت. جگە لەوانە، تایبەتمەندییەکانی ئەو ناوچەیە بە 36 زمانی جیهانییش وەردەگێڕدرێت، ئەوەش بۆ سەرنجڕاکێشانی گەشتیاران.
 
مەرجەکانی یونسکۆ بۆ پەسندکردنی ناوچە دێرینەکان
 
1. شوێنەوارێکی گرنگیی دروستکراوی مرۆڤ بێت.
 
2. بەڵگەی گۆڕانکاری بێت لە مێژووی مرۆڤ لە رووی هونەری، ئەندازیاری، تەکنەلۆژیا و نەخشەسازیی شار.
 
3. لە رووی کەلتوورییەوە تایبەتمەندێتییەکی تایبەتی هەبێت بۆ شارستانییەتێك.
 
4. شوێنەکە نموونەیەکی دیاری باڵەخانە، شێوازی ئەندازیاری و تەکنەلۆژیا بێت کە دەرخەری سەردەمێکی گرنگی مێژوویی بێت.
 
5. نموونەیەکی باڵای شوێنەواری نیشتەجێبوونی مرۆڤایەتی بێت کە بەڵگە بێت لەسەر کەلتوورێکی جیاواز بەتایبەت ئەگەر مەترسیی نەمانی ئەو کەلتوورە هەبێت.
 
6. بەشێوەیەکی راستەوخۆ گرێدراوی نەریت، بیرۆکە، باوەڕ و هونەری باڵای ئێستا بێت.
 
7. شوێنەوارێکی گرنگی سرووشتی بێت کە جوانییەکی تایبەتی هەبێت.
 
8. نموونەیەکی باڵای قۆناخێکی مێژوویی گرنگی زەوی بێت، وەکو تۆمارکردنی شێوەیەکی کۆنی ژیان، پرۆسەیەکی بەردەوامی جیۆلۆجی و گۆڕانکارییەکی بەرچاوی شێوەی ناوچەیەک.
 
9. نموونەیەکی باڵای گۆڕانکارییەکی بەردەوامی بەرچاوی وشکانی، دەریا و کەناراوەکان بێت.
 
10. گرنگترین و بەرچاوترین ژینگەی سرووشتی کۆمەڵێک زیندەوەری جیاواز بێت، وەکو ئەو زیندەوەرانەی مەترسیی لەناوچوونیان لەسەرە و لە رووی زانستییەوە گرنگن.