لە ئیلام دوو کەس بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستدا

 
رووداو دیجیتاڵ

لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان، دوو کەس گیانیان لەدەستدا.
 
رووداوەکە لەسەر رێگەی نێوان شاری دێلوڕان و گوندی عەین خۆش بووە و ئۆتۆمبێلێکی تایبەت لە جۆری پیجۆ و بارهەڵگرێک پێکیانداداوە.
 
ئەبوڵفەزل کەهزادی، بەڕێوەبەری پۆلیسی رێگەوبانی پارێزگای ئیلام رایگەیاند، دوای ئەوەی پۆلیسی فریاکەوتن ئاگاداری کردینەوە رووداوێکی هاتووچۆ لە رێگەی نێوان دێلوڕان و گوندی عەین خۆش روویداوە، دەستبەجی تیمێکی پۆلیسی رێگەوبانمان ناردە شوێنی رووداوەکە.
 
بە گوتەی کەهزادی، لە رووداوەکەدا دوو کەس گیانیان لەدەستداوە و تەرمەکان لەلایەن تیمەکانی فریاکەوتنەوە گوازرانەوە بۆ نەخۆشخانەی دێلوڕان.
 
سەبارەت بە هۆکاری رووداوەکەش، کەهزادی دەڵێت، بەپێی لێکۆڵینەوەکانی پۆلیس، رووداوەکە بەهۆی هەڵەی شۆفێری پێجۆ روویداوە، لەبەر ئەوەی بە شێوەیەکی نایاسایی لە سایدی خۆی لایداوە و خۆی بە بارههەڵگرەکەدا کێشاوەتەوە.
 
ساڵانە لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان ژمارەیەکی زۆری خەڵک بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستدەدەن.
 
بەپێی ئامارە فەرمییەکان ساڵی رابردوو، 177 کەس لە پارێزگای ئیلام بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە.