ئامادەکاری بۆ قۆناخێکی دیکەی سەرژمێریی دانیشتووان دەکرێت

تیمەکانی سەرژمێری لەگەڵ پارێزگاری سلێمانی.
رووداو دیجیتاڵ 

ئامادەکاری بۆ قۆناخێکی دیکەی سەرژمێریی دانیشتووانی عێراق لە هەرێمی کوردستان چووە بواری جێبەجێکردنەوە. قۆناخەکە بریتییە لە راهێنانی تایبەت بە گەمارۆسازی و ژمارەدانان.
 
کارزان رەزا، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی پلاندانان و سەرۆکی لیژنەی راگەیاندنی سەرژمێری، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئامار لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان، 2 خولی راهێنانی تایبەت بە گەمارۆسازی و ژمارەدانان لە ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد". 
 
کارزان رەزا گوتیشی: "گەمارۆسازی و ژمارەدانان لە پێداویستییەکان و قۆناخەکانی پێش سەرژمێریین. 14 هۆڵ بۆ راهێنان دیاریکراون و 659 مامۆستا بەشدار دەبن". 
 
بە گوێرەی دابەشکارییەکە، لە پارێزگای دهۆک لە 3 هۆڵ 114 مامۆستا بەشداردەبن، لە پارێزگای هەولێر لە 5 هۆڵ 226 مامۆستا، لە پارێزگای سلێمانی لە 6 هۆڵ 319 مامۆستا بەشداردەبن. دواتریش ئەو راهێنەرانە لە 188 هۆڵ لە پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان راهێنان بە 7 هەزار و 765 مامۆستای بەشدار لە پڕۆسەکەدا دەکەن و دابەشکارییەکەش بەم جۆرە دەبێت: 
ئەو ژمارەیە و هۆڵەکانیش بەم شێوەیە دابەش دەبن:
 
- پارێزگای دهۆک
1393 مامۆستا لە 37 هۆڵ
 
- پارێزگای هەولێر:
2874 مامۆستا لە 72 هۆڵ
 
- پارێزگای سلێمانی:
3498 مامۆستا لە 77 هۆڵ
 
بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی پلاندانان و سەرۆکی لیژنەی راگەیاندنی سەرژمێری ئاماژەی بەوەشکرد، "پڕۆسەی گەمارۆسازی و ژمارەدانان لە کۆتایی ئەم مانگە بەشێوەیەکی مەیدانی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات کە خۆی دەبینێتەوە لە ژمارەدانان لە هەموو جۆرە شوێنێک کە پێگەی جوگرافی هەبێت، دواتر هەژمارکردنی تەوای بینا و باڵەخانەکان و پڕۆسەکەش دوو مانگی پێدەچێت". 
 
حکومەتی عێراق بڕیاریداوە 20ـی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان بکات.
 
لە ساڵی 2009ـەوە حکومەتی عێراق بەنیازە سەرژمێری بکات، بەڵام زۆر هۆکار رێگربوون لە ئەنجامدان و بەڕێوەچوونی. 
 
بەپێی پێشبینییەکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، ژمارەی دانیشتووانی عێراق لەساڵی 2030ـدا دەگاتە 51 ملیۆن و 211 هەزار و 700 کەس.