مامۆستایانی وانەبێژ لە هەڵەبجە خۆپێشاندان دەکەن و داوای دامەزراندنی هەمیشەیی دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
ژمارەیەک لە مامۆستایانی وانەبێژی هەڵەبجە گردبوونەوە و داوای دامەزراندنی هەمیشەیی دەکەن. مامۆستایەکی وانەبێژ دەڵێت، "خێزاندارم و چوار ساڵە بە مووچەی 300 هەزار دینار لە دوو ئامادەیی دەوام دەکەم".
ژمارەیەک لە مامۆستایانی وانەبێژی سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی هەڵەبجە ئەمڕۆ (یەکشەممە 06-08-2023)، گردبوونەوە و داوایان کرد بە هەمیشەیی دابمەزرێن.
نوێنەرێکی ئەنجوومەنی مامۆستایانی وانەبێژی پارێزگاکە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا داوای مامۆستایانی وانەبێژی خستەڕوو و گوتی، ''هۆشدارییەکی پەروەردەیی و مەدەنییانە دەدەینە سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان کە تایبەتە بە پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن؛ چیدیکە یاریکردن و بەڕێکردنی وانەبێژان لە هەرێمی کوردستان بە پاساوی بێ بنەمای چەندین ساڵە، قبووڵ ناکەین."
ئەو نوێنەرە گوتی، ''داواکارین بەزووترین کات وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی، بەر لە کردنەوەی دەوامی ساڵی 2023-2024، چارەنووسی مامۆستایانی وانەبێژ بە دامەزراندن یەکلایی بکاتەوە."
مامۆستایانی وانەبێژی سنووری پارێزگای هەڵەبجە داوا لە سەرجەم مامۆستایان لە تەواوی هەرێمی کوردستان دەکەن ''هەڵوێستی راستەقینەیان بەرامبەر ئەم بابەتە هەبێت و لە ئاست ئەو ستەمەی چەندین ساڵە لە مامۆستایانی وانەبێژ دەکرێت، بێدەنگ نەبن.''