پارەی گەنمی جووتیاران بۆ ساڵەکانی 2014، 2015، 2016 دەگاتە هەرێمی کوردستان
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری بازرگانیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "ئەم هەفتەیە پارەی گەنمی جووتیاران بۆ ساڵانی 2014، 2015، 2016 دەگاتە هەرێمی کوردستان و پێشبینی دەکەین دوای رێکارە کارگێڕییەکانی بانک هەفتەی داهاتوو دەست بە دابەشکردنی بکەین."
ئەمڕۆ شەممە، 6-8-2022 کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "سەرەتای ئەم هەفتەیە 100 ملیار دینار پارەی گەنمی جووتیاران هی ساڵانی 2014، 2015، 2016 بەدەستمان دەگات و دوای رێکارە کارگێڕییەکانی بانک دەست بە دابەشکردنی دەکەین."
وەزیری بازرگانی گوتیشی: "ئومێدەوارین لە ماوەی 10 رۆژی داهاتوو، 208 ملیاری دیکەش بگاتە دەستمان و تەواوی پارەکە کە 308 ملیار دینارە دابەشی بکەین."
رۆژی 8-6-2022، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە ئامادەبوونی 273 ئەندامی ئەنجوومەنەکە کۆبووەوە و دەنگی بە پێشنیازەیاسای پاڵپشتیی خێرای ئاسایشی خۆراک و گەشەپێدان دا.
لە چوارچێوەی پێشنیازەیاسای پاڵپشتیی خێرای ئاسایشی خۆراک و گەشەپێدان، شەش ترلیۆن دینار بۆ وەزارەتی بازرگانی دیاریکرا، کە پێنج تریلیۆن و 500 ملیار دینار بۆ بەشەخۆراک و کڕینی گەنم و برنج و 500 ملیار دینار بۆ شایستەی جووتیاران دیاری کرا.
لەو چوارچێوەیەدا 308 ملیار دینار بۆ پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵانی 2014، 2015، 2016 دیاریکرا.
پێشنیازەیاسای پاڵپشتیى خێراى ئاسایشى خۆراک و پەرەپێدان دوای بڕیارێکی دادگەی باڵای فیدڕاڵیی عێراق دێت، کە تێیدا یەکلایی کردەوە حکومەتی کاربەڕێکەری عێراق ناتوانێت پڕۆژەبودجەی ساڵی 2022 رەوانەی پەرلەمان بکات و دەبێت حکومەتی نوێ ئەو کارە بکات، بۆیە ئەم پڕۆژەیە پێشکێشکرا.
لە ماددەی یەکەمی پێشنیازەیاساکەدا وەزارەتی دارایی عێراقی پابەندکراوە بە دروستکردنی هەژمارێکی بانکی بەناوی "پشتیوانیی ئاسایشی خۆراک و پەرەپێدان و پارەدارکردنە داراییەکان و کەمکردنەوەی هەژاری".
ماددەی دووەمی یاساکە بڕی ئەو پارەیەی لە چوارچێوەی پێشنیازەیاساکەدا هاتووە دیاریکردووە کە 25 تریلیۆن دینارە.