کەشناسی: لە گەرمیان پلەی گەرما دەگاتە 51 پلەی سیلیزی
رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بەگوێرەی پێشبینییەکان سبەی پلەی گەرما لە ئەمڕۆ زیاتر بەرزتر دەبێتەوە و لە گەرمیان پلەی گەرما دەگاتە 51 پلەی سیلیزی.
رۆژی پێنجشەممە 06-07-2023 بەشی کەشناسی لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن رایگەیاند، بەپێی پێشبینییەکان سبەی پلەی گەرما بەراورد بە ئەمڕۆ یەک بۆ سێ پلە بەرزدەبێتەوە.
بەپێی پێشبینیی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، سبەی بەرزترین پلەی گەرما لە ئیدارەی گەرمیان تۆمار دەکرێت کە 51 پلەی سیلیزی دەبێت و نزمترین پلەی گەرماش لە حاجی ئۆمەران تۆمار دەکرێت، کە 31 پلەی سیلیزییە.
رۆژی چوارشەممە 05-07-2023 ئاراس جەبار، کە شارەزای کەشناسییە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "پێنجشەممە و هەینی بەرزترین پلەی گەرما تۆمار دەکرێت، بەگوێرەی پێشبینییەکانمان پلەی گەرما تاوەکو 49 پلەی سیلیزی و رەنگە زیاتریش بەرز ببێتەوە، لە گەرمیان پێشبینی دەکرێت پلەی گەرما تاوەکو 49 پلە و لە هەولێر تاوەکو 48 پلە تۆمار بکرێت، بەڵام رۆژی شەممە 8ی ئەم مانگە ئەو شەپۆلە گەرمایە کەمتر دەبێتەوە و پلەی گەرما یەک بۆ دوو پلە نزم دەبێتەوە."
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ سبەی هەینی:
- هەولێر: 45 پلەى سیلیزى
- سلێمانی: 43 پلەى سیلیزى
- دهۆک: 44 پلەى سیلیزى
- کەرکووک: 50 پلەى سیلیزى
- هەڵەبجە: 46 پلەى سیلیزى
- حاجی ئۆمەران: 31 پلەى سیلیزى
- زاخۆ: 45 پلەى سیلیزى
- سۆران: 43 پلەى سیلیزى
- گەرمیان: 51 پلەى سیلیزى