سەرۆک بارزانی: پێویستە هەڵبژاردن بەبێ کۆسپ و تەگەرە بەڕێوەبچێت
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک بارزانی رایگەیاند، "پێویستە هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان بەبێ نانەوەی هیچ كۆسپ و تەگەرەیەک بەڕێوەبچن."
رۆژی پێنجشەممە، 06-07-2023 لە پیرمام سەرۆک مەسعود بارزانی، پێشوازی لە مایک برایسۆن ریچاردسۆن باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق كرد، لە دیدارەكەدا رۆزی كەیڤ كونسوڵی بەریتانیا لە هەولێریش ئامادەبوو.
بارەگای بارزانی لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی دیدارەکە دەڵێت، "بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەكە، پەیوەندییەكانی نێوان حكومەتی هەرێمی کوردستان و حكومەتی فیدراڵی عێراق، پێویستیی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوانیان و هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق تاوتوێ كرا."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی بارەگای بارزانی، لە دیدارەکە "بیرورا لەبارەی بارودۆخی ناوخۆی كوردستان ئاڵوگۆڕكرا و هەردوولا لەسەر ئەوە هاوڕابوون كە بۆ پاراستنی شەرعیەت و بەهێزكردنی پڕۆسەی دیموكراسی، پێویستە هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان بەبێ نانەوەی هیچ كۆسپ و تەگەرەیەک بەڕێوەبچن."
پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەریتانیا تەوەرێكی دیکەی ئەو دانیشتنە بوو، بارەگای بارزانی دەڵێت: "باڵیۆزی بەریتانیا جەختی لە دۆستایەتی و هاوپەیمانی نێوان بەریتانیا و هەرێمی كوردستان كردەوە و سەرۆک بارزانیش وێرای ئاماژەدان بە پەیوەندیی دێرینی نێوان گەلی كوردستان و بەریتانیا، خوازیاری قووڵتركردنی دۆستایەتی و پەیوەندیی نێوان هەردوولا بوو."
دوای ئەوەی لایەنە سیاسییەکان لەبارەی هەمواری یاسای هەڵبژاردن و فرەبازانەیی نەگەیشتنە رێککەوتن، پەرلەمانی کوردستان دانیشتنی رۆژی 09-10-2022 تەمەنی خۆی بۆ 31-12-2023 درێژکردەوە، لەکاتێکدا 6-11-2022 خولەکە کۆتایی دەهات.
بۆ جاری دووەم نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد کە 18-11-2023یـە.