352 حاجیی دیکە دەگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان

 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سبەی یەکەم کاروانی حاجییانی هەرێمی کوردستان بە رێگەی ئاسمانی لە سعودیەوە بەرەو فڕۆکەخانەی هەولێر بەڕێدەکەون.
 
رۆژی پێنجشەممە 06-07-2023 شێخ نیاز نەقشبەندی، بەڕێوەبەری حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، کاژێر 4:30ی پاشنیوەڕۆی رۆژی هەینی 352 حاجیی هەرێمی کوردستان دەگەنەوە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، کە سەرجەمیان دانیشتووی پارێزگای هەولێرن.
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری حەج و عەمرەی هەرێمی کوردستان، رۆژی شەممە 8ی تەممووز 144 حاجیی دیکە دەگەڕێنەوە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی و دەشڵێت، "تاوەکو 14ی ئەم مانگە سەرجەم حاجییانی هەرێمی کوردستان دەگەڕێنەوە."
 
ئەمساڵ 4,685 کەس لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج چوونە مەککە، کە 690ـیان بە رێگەی وشکانی و ئەوانی دیکە بە رێگەی ئاسمانی سەردانی مەککەیان کرد. بۆ ئەمساڵ، تێچووی حەج بە رێگەی ئاسمانی بە 4500 و بە وشکانیش بە 3800 دۆلار دیاریکرابوو.
 
یەکەم گەشتی هاونیشتمانییان بۆ سعودیە 9ی حوزەیران بە رێگەی وشکانی دەستیپێکرد؛ گەشتی ئاسمانییش لە 12ی حوزەیرانی 2023وە لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانییەوە دەستیپێکرد.
 
رۆژی چوارشەممە 06-07-2023 یەکەم کاروانی حاجییانی هەرێمی کوردستان، کە ژمارەیان 690 حاجی بوو، بە رێگەی وشکانی گەڕانەوە هەرێمی کوردستان.