بەهۆی هەڕەشەکانی تورکیاوە، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر باری نائاسایی رادەگەیێنێت
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی هەڕەشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر باری نائاسایی راگەیاند و بڕیاریدا ئامادەکاری بکرێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی هێرشی سوپای تورکیا.
رۆژی چوارشەممە 06-07-2022 ئەنجوومەنی گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لەبارەی هەڕەشەکانی تورکیا بۆ هێرشکردنە سەر رۆژئاوای کوردستان کۆبووەوە، لەدوای کۆبوونەوەکە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، تورکیا بەردەوام هەڕەشەی هێرشکردنە سەر ناوچەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەکات، بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و چەکی قورس شوێنە گشتییەکانی وەک نەخۆشخانە و شوێنەکانی دیکەی ژێرخانی ناوچەکانمان دەکاتە ئامانج و خەڵکی مەدەنی دەکوژێت، نیازی ئەوەی هەیە ناوچەیەکی دیکە لە سووریا داگیر بکات.
بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، لە کۆبوونەوەکە ئەو بڕیارانە دراون:
1- لە ناوچەكانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر باری نائاسایی رادەگەیێنرێت.
2- سەرجەم ئەنجوومەن و لیژنه و دامەزراوەكانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ئاگاداردەکەینەوە ئامادەکاری بکەن بۆ بەهاناوەچوونی خێرا، لە کاتی هەر رووداوێکدا.
3- بەكارهێنانی هەموو دەرفەتێك بۆ پاراستنی گەل لە هێرشی دووژمنكارانە بۆ سەر ناوچەكانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، ئەنجوومەنی کارگێڕی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر پێویستە سەرنجی لەسەر راگرتنی ئەو هەڕەشانە بێت.
دوای کۆبوونەوەی کابینەی کۆماریی تورکیا، رۆژی 23ی ئایاری 2022 رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، ئۆپەراسیۆن بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان دەستپێدەکەن و ئەو ناوچە ئەمنییەی پێشتر قسەیان لەسەر کردبوو، بە قووڵایی 30 کیلۆمەتر تەواوی دەکەن.
تورکیا پێشتر دوو ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان کردووە. یەکەمیان لە سەرەتای ساڵی 2018 بۆ سەر عەفرین بوو و دووەمیشیان لە تشرینی یەکەمی 2019 بۆ سەر ناوچەی گرێ سپی و سەرێ کانی بوو. لە ئەنجامی هەردوو هێرشەکەدا سەتان هەزار کەس ئاوارەبوون و هەندێک لە رێکخراوەکانی بواری مافەکانی مرۆڤیش دەڵێن، لە هەردوو ناوچە گۆڕانکاریی دیمۆگرافی روویداوە.