50 هەزار دەروێش بەشداریی ساڵڕۆژی کۆچی دوایی شێخ محەممەد کەسنەزانی دەکەن

رووداو دیجیتاڵ
 
تەریقەتی قادری کەسنەزانی رایدەگەیێنێت کۆتایی ئەم هەفتەیە بە بەشداریی دەیان هەزار دەروێشی ژمارەیەک وڵاتی جیهان، یەکەم ساڵڕۆژی کۆچی دوایی شێخ محەممەد کەسنەزانی، رێبەری پێشووی تەریقەتی قادری لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت.
 
ئەمڕۆ سێشەممە، 6ی تەمموزی 2021، محەممەد فاتیح، لە میدیای تەریقەتی کەسنەزانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "چاوەڕواندەکرێت لەڕێورەسمی یەکەم ساڵڕۆژی کۆچی دوایی رێبەری پێشووی تەریقەتی قادریی کەسنەزانی کە رۆژە پێنجشەممەی ئەم هەفتەیە 8ی تەمموزی 2021 بەڕێوەدەچێت، لەنێوان 40 بۆ 50 هەزار دەروێش و مورید و کەسایەتی بەشداریی بکەن".
 
محەممەد فاتیح گوتیشی: "دەروێش و موریدەکان لە وڵاتانی ئێران، ئوردن، رووسیا، شیشان، ئەمریکا، بەریتانیا، کەنەدا و وڵاتانی ئەفریقیا بەشداریی رێوڕەسمەکە دەکەن، هەروەها ژمارەیەک کەسایەتیی باڵا لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەشداریی دەکەن". 
 
شیخ محەممەد کەسنەزانی رێبەری پێشووی تەریقەتی  قادریی کەسنەزانی لە عێراق و جیهان، لە 15ی نیسانی ساڵی 1938 لە گوندی گرپچنەی سەر بەناحیەی سەنگاوی قەزای چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی لەدایکبووە، رۆژی 4ی تەمموزی ساڵی 2020 لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە تەمەنی 82 ساڵیدا کۆچی دواییکرد.
 
لە رۆژی ناشتنی تەرمەکەیدا لە 10ی تەممووزی ساڵی 2020 دەروێش و موریدانی تەریقەت بەیعەتییان بە شێخ نەهرۆی کوڕی شێخ محەممەد دا و بووە رێبەری تەریقەت. 
 
رۆژی پێنجشەممە، 9ی تەمموزی 2020، سەرباری رێوشوێنی کەرەنتینە و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، نزیکەی 2000 کەس لە دەروێش و شوێنکەوتووانی شێخ محەممەد كەسنەزانی لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان سنووریان بەزاند بۆ ئەوەی بەشداری لە رێورەسمی بەخاکسپاردنی شێخەکەیان لە شاری سلێمانیدا بکەن.