لە هەولێر 13 بەنزینخانە بەهۆی خراپیی کوالێتیی بەنزینەکەیان داخران
رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی هەولێر رایگەیاند، لە ئەنجامی پشکنینی بەنزینی 132 بەنزینخانە، 13ـەیان بەهۆی دەستکاری و خراپیی کوالێتیی بەنزینەکەیان بۆ ماوەیەکی دیاریکراو داخران.
رۆژی سێشەممە، 06-06-2023، نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە 13ـی مانگی ئایارەوە تاوەکو 1ـی ئەم مانگە پشکنین بۆ بەنزینی 132 بەنزینخانە کراوە و 13ـەیان لەلایەن لیژنەى پشکنین و چاودێریکردنى بەنزینخانەکانى سەر بە بەڕێوەبەرایەتیى نەوت و کانزاکانى هەولێر بۆ ماوەیەکی کاتی داخراون و سزای پێبژاردنیش دەدرێن.
بە گوتەی قایمقامی هەولێر، هەر بەنزینخانەیەک دوو یان سێ جار ئاگادار بکرێتەوە و دووبارە بەنزینی کوالێتیی خراپ بە هاونیشتمانییان بفرۆشێت، بەنزینخانەکەی بە یەکجاری دادەخرێت.
ئەو بەنزینخانانەی کە داخراون و قایمقامێتیی هەولێر ناوەکانیانی بڵاوکردووەتەوە ئەمانەن:
- وێستگەی رۆڤە
- وێستگەی هاونیشتمان
- وێستگەی رەوا 1
- وێستگەی رەوا 2
- وێستگەی کوردستان
- وێستگەی ئارام
-وێستگەی سیار
- وێستگەی هاوینە هەوار
- وێستگەی رێگەی بەحرکە
- وێستگەی کانی
- وێستگەی رزگاری
- وێستگەی کەرکووک
- وێستگەی رۆژ