پڕۆژەی 'ماڵی زیرەک' لە پێشانگەی هایتێکس؛ لەڕێگەی مۆبایلەکەتەوە ئاگاداری ماڵەکەت دەبیت

 
رووداو - هەولێر

لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی هایتێکس ژمارەیەک بزنسی بچووک بەشدارن، کۆمەڵێک گەنج بیرۆکە و پڕۆژەکانیان لە بواری تەکنەلۆجیادا خستووەتەڕوو، ئالان محێدین یەکێک لەو گەنجانەیە بە داهێنانی "ماڵی زیرەک" بەشدارە.
 
پرۆژەکەی ئالان محێدین بریتییە لەوەی کە ئامێرێک ماڵەکەت لەڕێگەی سیمکارتەوە بەبێ ئینتەرنێت کۆنترۆڵ دەکات، لە ماڵەوەش نەبیت دەتوانیت چاودێریی ماڵەکەت بکەیت و هەر بژاردەیەک بتەوێت جێگیری دەکەیت.
 
بۆ نموونە، کەسێک بچێتە ماڵەکەت، سیستمەکە تەلەفۆنت بۆ دەکات؛ یان ئاگر لە ماڵەکەت بکەوێتەوە، راستەوخۆ بەهۆی سیستمەکەوە تەلەفۆنت بۆ دێت و لەوە ئاگادار دەکرێیتەوە. یاخود ئەگەر بتەوێت باخەکەت ئاو بدەیت، ئەوا لەڕێگەی تەلەفۆنەوە لە هەر شوێنێک بیت، دەتوانیت سیستمەکە کار پێبکەیت و باخەکەت ئاودێری بکەیت.
 
ئالان محێدین دەرچووی بەشی فیزیایە لە زانکۆی هەڵەبجە و ئێستا مامۆستای وانەبێژە، ئەو لە منداڵییەوە خولیای بواری ئەلیکترۆنی و کارەبایی بووە و وەکو خۆی دەڵێت، خاوەنی چەند پرۆژەیەکە، یەکێک لەوانەش "ماڵی زیرەکە."
 
بە گوتەی ئالان، لەڕێگەی سیستمی "ماڵی زیرەک"ەوە، "ئەگەر کەسێکی نەناسراو بچێتە ماڵەکەت و خۆت لەوێ نەبیت، بە چەند رێگەیەک ئاگادار دەکرێیتەوە، یەکێک لەوانەش دروستکردنی ئەکاونتێکە لە تەلەگرام و لەو رێگەیەشەوە هەر کەسێک بێتە نێو ماڵەکەت، وێنەیەکی دەگرێت و بۆت دەنێرێت."
 
بەپێی پڕۆژەکەی ئالان، لە دۆخێکدا ئەگەر کەسێکی ناسراوی خۆت بچێت بۆ ماڵەکەت و خۆت لە ماڵەوە نەبیت، ئەوا دەتوانیت نامەیەک بنێریت و بنووسیت "دەرگاکە بکەرەوە" و ئیدی دەرگاکە دەکرێتەوە.