مووچەی مانگی نیسانی وانەبێژان لە سنووری پارێزگای سلێمانی دابەشدەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
نوێنەرێکی مامۆستایانی وانەبێژ رایگەیاند، ئەمڕۆ مووچەی مانگی نیسانی مامۆستایانی وانەبێژ لە سنووری پارێزگای سلێمانی دابەشدەکرێت.
هەفتەی رابردوو لە سنووری پەروەردەکانی هەولێر و دهۆک شایستەداراییەکانی مانگی نیسانی مامۆستایانی وانەبێژیان دابەشکران، تەنیا مامۆستایانی سنووری پارێزگای سلێمانی مووچەکانیان وەرنەگرت.
رۆژی سێشەممە، 06-06-2023 کارۆخ عەبدوڵڵا، نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کاژێر 10:00ـی ئەمڕۆ مامۆستایانی وانەبێژی سنووری پەروەردەکانی سلێمانی دەتوانن سەردانی بانکەکان بکەن و مووچەی مانگی نیسان وەربگرن."
بە گوتەی کارۆخ عەبدوڵڵا هەر ئەمڕۆ لە سنووری پەروەردەکانی هەڵەبجە، گەرمیان و راپەرینیش مامۆستایانی وانەبێژ مووچەی مانگی نیسان وەردەگرن.
بەگشتی، کەمترین مووچەی مانگانەی مامۆستایانی وانەبێژ 250 هەزار دینارە و زۆرترینیشیان 400 هەزار دینارە، بەڵام مووچەکانیان بەگوێرەی بڕوانامەکانیش دەگۆڕێت.
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 33 هەزار وانەبێژ هەن؛ 11 هەزاریان لە پارێزگای هەولێر، 10 هەزار لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و 12 هەزاریش لە سنووری پارێزگای دهۆکن.