ئەو کارگەیەی مادەی هۆشبەر لە گەرمیان دەستی بەسەردا گیرا 'پێشتر کارگەی سابوون و شامپۆ بوو'
رووداو دیجیتاڵ
ئەو شوێنەی کە لە گەرمیان وەکو کارگەیەک بۆ بەرهەمهێنانی مادەی هۆشبەر بەکاردەهێنرا و دەستی بەسەردا گیرا، سەرەتا بەناوی پەلەوەرخانە کراوەتەوە و دواتر کراوەتە کارگەی سابوون و شامپۆ.
سەرەتای ئەم مانگە لە ئۆپەراسیۆنێکی بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەكانی دەزگەی ئاسایشی هەرێم و وەزارەتی ناوخۆی عێراق بۆسەر کارگەکە، لە گوندی ئاوبارەی شارۆچکەی مەیدان لە گەرمیان، دەست بەسەر 150 کیلۆ مادەی هۆشبەر گیرا.
میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەڵێت: "بۆ ئەوەی روون بێت، هاوئاهەنگیی باڵا لە هەموو بوارەکاندا لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە، بەتایبەتی لە بواری ئەمنی. دوایین ئۆپەراسیۆن کە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ کوردستان کراوە لە سنووری سلێمانی کارگەیەکی بازرگانی مادەی هۆشبەر دەستی بەسەرداگیراوە. لە بواری تاوانی رێکخراو و لە هەموو دۆسیەکاندا هاوئاهەنگی لەگەڵ کوردستان دەکەین. هاوکارییەکی باڵا لەگەڵ ئاسایشی سلێمانی و هەولێر و وەزارەتی ناوخۆی هەرێم هەیە".
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، کرێکارێکی سووری کە لە کارگەکە کاری کردووە، کاتێک بۆ سەردان گەڕاوەتەوە سووریا دەستگیر دەکرێت و دەزگەی هەواڵگریی سووریا لایەنی عێراقی لێ ئاگادار دەکاتەوە.
محەممەد عەبدوڵڵا، دانیشتووی گوندی ئاوبارە دەڵێت: "شوێنی بەخێوکردنی مریشک بوو؛ دواتر کردیان بە کارگەی سابوون، ئێمە لە دەربەندیخان هاتینەوە، ئاسایش پڕی ئەم ناوە بوو گوتیان تلیاک و شتی تێدایە، بەخوا من نازانم."
جگە لە کرێکارە سوورییەکە، بەتۆمەتی خاوەندارێتیی و کارکردن لەم کارگەیە، تا ئێستا چوار کەس دەستگیر کراون.
سۆران عومەر، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت: "راستە کەسێک بە پلەی لیوا خانەنشینە و لەسەری دەستگیر کراوە، بەڵام ئەو تەنیا نییە. ئاشکرانەکردنی ئەم کارگەیەش، واتە دەسەڵاتداری گەورەتر و سەرووتر و زیاتر لە پشتییەتی."
لایەنە پەیوەندیدارەکان هیچ وردەکارییەکیان لەسەر چۆنییەتی و چەندێتیی بەرهەمهێنانی مادەی هۆشبەر لەو کارگەیە و ساخکردنەوەی لە بازاڕی رەشدا بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام ئەوەی دیارە زیاتر لە پێنج ساڵە کارگەکە دروست کراوە.