لە سنووری سیدەکان دوو برا بەر مین کەوتن؛ یەکێکیان گیانی لەدەستدا

رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی تەقینەوەی مینەوە لە چیای قەلەڕەش لە سنووری قەزای سیدەکان لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، دوو برا بەر مین کەوتن و یەکێکیان گیانی لەدەستدا.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، دوو برا لە سنووری سیدەکان مینێکیان پێدا تەقیەوە و بەهۆیەوە یەکێکیان گیانی لەدەستدا و ئەوەی دیکەش بریندار بوو.
رابەر ئەنوەر، بەرپرسی راگەیاندنی دەزگای گشتیی کاروباری مینی هەولێر بە رووداوی راگەیاند، رووداوەکە لە چیای قەلەڕەش روویداوە و مینێکی سەردەمی شەڕی 8 ساڵەی عێڕاق - ئیرانیان پێدا تەقیوەتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، ئەو دوو گەنجەی ئەمرۆ بەر مین کەوتوون، دانیشتووی گوندی بێخمەن لە سنوری خەلیفان.
ئەوەی گیانی لەدەستداوە ناوی محەمەد هەینییە و تەمەنی 28 ساڵە، بریندارەکەش ناوی سەفوان هەینییە و 27 ساڵە.
بەگوێرەی ئاماری بەرگریی شارستانیی سۆران بۆ رووداو، تەنیا ئەم ساڵ پێنج کەس بەهۆی تەقینەوەی مینەوە بوونەتە قوربانی، سێ کەس گیانیان لەدەستداوە و دووی دیکەش بریندار بوون.