لە تەقتەق 10 شاری گەشتیاری ‌و 150 پڕۆژەی بەخێوكردنی ماسی ژێرئاو كەوتن

رووداو-هەولێر

ئاستی ئاوی زێی بچووك سات لە دوای سات بەرز دەبێتەوە و زیانەكانیش بەردەوام زیاد دەبن تاوەكو ئێستاش 10شاری گەشتیاری گەورە‌و 150 پرۆژەی بەخێوكردنی ماسی ژێرئاو كەوتوون.


عومەر ئەحمەد، بەڕێوەبەری شارۆچکەی تەقتەق، بە (تۆری میدیایی رووداو)ی راگەیاند، ئاستی ئاوی زێی بچووك لە ناو تەقتەق سات لە دوای سات بەرزتر دەبێتەوە ‌و دەشڵێت "خۆشبەختانە زیانی گیانیمان نییە، بەڵام زیانی دارایی زۆرمان هەیە، بەنموونە تاوەكوئێستا 10شاری گەشتیاری گەورە‌و 150 پڕۆژەی بەخێوكردنی ماسی ژێر ئاو كەوتوون".

بەڕێوەبەری ناحیەی تەقتەق ئەوەشی خستەڕوو، بەشێك لە جووتیارانی ناوچەكە تووشی زیان بوون ‌و گوتیشی "تاوەكوئێستا نزیكەی 100دۆنم زەوی كشتوكاڵكردنی جووتیاران ژێر ئاو كەوتووە".

شارۆچكەی تەقتەق سەر بە قەزای كۆیەیە ‌و بەشێك لە ئاوی زێی بچووك بەناو ئەو شارۆچكەیەدا دەڕوات. لەماوەكانی رابردوو بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی زێیەكە بەڕێوەبەری شارۆچکەکە داوای لە دانیشتووانی هەردوو گەڕەكی رزگار ‌و ئاشتی كرد كە نزیكن لە ئاوی زێی بچووك، بەشەو لە ماڵەكانیاندا نەمێننەوە.