جووتیارانی سەرگەڕان: بە پشتیوانیی سوپای عێراق هەوڵی داگیرکردنی زەوییەکانمان دەدرێت
رووداو دیجیتاڵ
لە سەرەتای ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت کە زیاتر لە 10 هاوردە لە گوندی پەلکانە هەڵدەکوتنە سەر ماڵی هاونیشتمانییەک و داوای چۆڵکردنی خانووەکەی لێدەکەن بە پشتیوانی هێزەکانی سوپا. هاونیشتمانییانی سەرگەڕان دەڵێن، رۆژانە عەرەبی هاوردە هەڵدەکوتنەسەریان و هەڕەشەیان لێ دەکەن.
ژمارەیەک خانوو لە سنووری سەرگەڕان هەن کە سوپا نیشانەیەکیان لەسەری کردووە، چۆڵکراون و رێگە بەخاوەنەکانیان نادەن بگەڕێنەوە نێوی. سوپای عێراق شەوانە دەچنە نێو گوندەکانەوە و دەچنە سەر زەویوزاری جووتیارانی کورد. هەڕەشەی کارکردن لەسەر هەر زەوییەک دەکەن لەلایەن خاوەنەکەیەوە.
محەممەد نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕانە و دەڵێت، "ئەو گوشارەی فیرقەی هەشتی سوپا دەیکەن لەسەر داوای هاوردەکانە بەبێ گەڕانەوە بۆ بەڵگەی یاسایی خاوەندارێتی زەوییەکان."
محەممەد ئەمین، نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان بە رووداوی گوت: "ماڵ بە ماڵ دەگەڕێن، جووتیار بە جووتیار ئاگاداری دەکەنەوە و بەڵێننامەی پێ پڕدەکەنەوە کە نابێت لەسەر زەوی کاری کشتوکاڵی بکات، هەر لەم هەفتەیەدا سێجار چوونەتە سەر جووتیارێک، دوێنێ و پێرێ چوونەتە سەر ماڵێک لەنێو پەلکانە پێیان گوتووە، ئەو خانووە چۆڵ بکات."
بۆ ئاگاداربوون لەو کێشانە سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکان چووە ناوچەکە، بەڵام لەلایەن بازگەکانەوە رێگری لێکرا، دوای زیاتر لە کاژێرێک لە راگرتنی شاندەکە، گەیشتنە سەرگەڕان و لەگەڵ جووتیاران کۆبوونەوە.
جووتیارانی سنوورەکە نیگەران و بێزارن لەو دۆخەی ناوچەکەیان، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکان رایگەیاند، جیا لە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ راستکردنەوەی دۆخە پێویستیان بە کۆدەنگی و هەڵوێستی جیددی سەرکردایەتی کوردی هەیە.
فەهمی بوورهان، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، "هەست دەکەین غەدرێکی روون دەکرێت، بۆیە هەموو وەزیرەکانی خۆمان لە حکومەتی عێراق و هەموو فراکسیۆنە کوردییەکان تێدەگەیێنین کە دانیشتنێکی تایبەت لەسەر ئەو کێشە و گرفتانەی کورد بکەن لەو ناوچەیە، یەکێک لە کێشەکان ئەوەیە، بەداخەوە سوپای عێراق زۆرجار وەکو هۆکارێک بۆ بەرژەوەندی پێکهاتەیەکی جیاواز دێتە نێو ئەو کێشانەوە کە ئێمە ئەو سوپایە بەهی خۆمان دەزانین."
لە سنووری سەرگەڕان، هاوردەکان کە لە سەردەمی بەعس هێنرابوونە سنوورەکە، لە دوای هێرشەکانی 16ی ئۆکتۆبەر زیاتر لە 18 گرێبەستیان لە دادگە لە بەرژەوەندییان یەکلابووەتەوە، وێڕای ئەوەی سەرجەمیان لە ماددەی 140 قەرەبوویان وەرگرتووە و گرێبەستەکانیان هەڵوەشاوەتەوە.