حکومەت رەزامەندی لەسەر دروستکردنی نەخۆشخانەی فێرکاری لە گەرمیان دا

رووداو دیجیتاڵ
 
ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندی لەسەر دروستکردنی نەخۆشخانەی فێرکاری لە گەرمیان دا. راگری کۆلێژی پزیشکی زانکۆی گەرمیانیش دەڵێت، هەنگاوێکی گرنگە، بەڵام پلانێکی ستراتیژییە و نزیکەی پێنج ساڵ دەخایەنێت.
 
رۆژی سێشەممە 06-02-2024، د. شێرکۆ نەریمان، راگری کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بەگوێرەی نووسراوێک کە دەستیان کەوتووە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رەزامەندی لەسەر دروستکردنی نەخۆشخانەیەکی فێرکاری لە سنووری ئیدارەی گەرمیان داوە. دەشڵێت، "دەبێت ئەو نەخۆشخانەیە لە حەرەمی زانکۆ یاخود لە نزیکی زانکۆ دروستبکرێت."
 
بەگوێرەی ئەو نووسراوەی دەست رووداو کەوتووە و بە گوتەی راگری کۆلیژی پزیشکیی زانکۆی گەرمیانیش، ئەنجوومەنی وەزیران نووسراوی ئاراستەی ئەندازە و پڕۆژەکان کردووە و ئەوانیش نووسراوێکیان ئاراستەی سەرۆکایەتی زانکۆی گەرمیان کردووە کە تێیدا ئاماژەیان بەوەکردووە، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ سەرۆکایەتی تەندروستیی گەرمیان، دیزاین و دەرخستەی پێویست بەگوێرەی پێویستیی زانکۆ و بە رەچاوکردنی دۆخی دارایی هەرێمی کوردستان، ئامادە بکەن.
 
رۆژی 25-09-2023 و لەگەڵ دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن، خوێندکارانی کۆلێژی پزیشکی زانکۆی گەرمیان بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کرد، ئەوان داوایان دەکرد نەخۆشخانەکانی گەرمیان بکرێنە فێرکاری بۆ ئەوەی بتوانن وانەکانیان بە تیۆری بخوێنن، هاوکات بەهۆی کەمی پزیشکانی کۆلێژەکەوە پێویستیان بە 14 پزیشکی دیکە هەبوو بۆ ئەوەی وانەکانیان پێ بڵێنەوە. 
 
راگری کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی گەرمیان ئەو هەنگاوەی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ دروستکردنی نەخۆشخانەی فێرکاری بە گرنگ دەزانێت، بەڵام دەڵێت، "ئەوە پلانی ستراتیژییە و نزیکەی پێنج ساڵی دەوێت، بۆ ئەوەی لەم قۆناخەش کێشەکە چارەسەربکرێت وەزارەتی تەندروستی 9ـی مانگی رابردوو بڕیاریداوە، چوار نەخۆشخانەی سنووری ئیدارەی گەرمیان کە ئەوانیش (نەخۆشخانەی گشتی کەلار، فریاکەوتنی شەهید هەژار، شێرەی نەقیب بۆ ژنان و منداڵبوون و شەهید خالید گەرمیانی) ناویان بگۆڕێت بۆ فێڕکاری، بەڵام ئەوەش هێشتا نەکراوە."
 
لەبارەی گواستنەوەی راژەی 14 پزیشک بۆ کۆلێژی پزیشکی، د. شێرکۆ نەریمان دەڵێت، "تەنیا یەک پزیشک گواستراوەتەوە لە کاتێکدا سێ مانگە وەزارەتی تەندروستی بڕیاری گواستنەوەی 14 پزیشکی داوە، بەڵام بەهۆی دانانی کۆمەڵێک مەرج لەلایەن وەزارەتەوە پزیشکەکان ئامادەنین راژەکانیان بگوازنەوە."
 
شەش مەرج لەلایەن وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان بۆ گواستنەوەی راژەی ئەو پزیشکانە دانراوە، ئەوانیش؛
 
- پزیشکەکە جارێکی دیکە 'تەنسیب' بکرێتەوە تەنیا بۆ سەر میلاکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی گەرمیان.
 
- بەڵێن بدەن پابەندی دەوامی فەرمی بن لە نەخۆشخانەکان.
 
- گواستنەوەیان بۆ نەکرێت لە زانکۆی گەرمیان - کۆلێژی پزیشکی بۆ هیچ زانکۆیەکی دیکە.
 
- پابەندبن بە گشت رێکارە کارگێری و داراییەکان.
 
- ساڵانە پشتگیرییان بۆ بکرێت لەسەر پابەندبوونیان بە ئەرکی خۆیان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی گەرمیان بۆ زانکۆی گەرمیان- کۆلێژی پزیشکی.
 
- جێبەجێکردنی هەر سزایەک لەلایەن زانکۆی گەرمیان – کۆلێژی پزیشکی کە ئاراستەیان دەکرێت لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی گەرمیان.