کەشناسیی هەرێمی کوردستان: سبەی تەم دەبێت
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن رایگەیاند، لە ماوەی 24 کاژێری رابردوودا لە سنووری پارێزگەی سلێمانی بەتایبەتی لە قەزای پێنجوێن زۆرترین باران باریوە. لەبارەی کەشوهەوای سبەیەوە هۆشداری دا لەوەی تەم دەبێت.
رۆژی سێشەممە 06-02-2024 بەشی کەشناسی سەر بە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ ئاسمان نیمچەهەور دەبێت لەگەڵ بوونى تەم و ئەگەرى نمەباران لە ناوچە شاخاوییەکاندا، لە دوای نیوەڕۆ لە هەندێک ناوچەى شاخاویی سنوورى پارێزگەى سلێمانى ئەگەرى نمەباران زیاترە، لەگەڵ ئەگەرى بەفربارین لە ناوچە شاخاوییە سنووری و بەرزەکاندا.
لەبارەی پێشبینییەکانی کەشوهەوای سبەی چوارشەممەش، وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن دەڵێت، ئاسمان نیمچەهەور دەبێت، لەگەڵ دروستبوونى تەم لە ناوچە شاخاوییەکان، بەگشتیش ئەگەرى دروستبوونى تەم زیاتر دەبێت و بەردەوام دەبێت.
محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی رۆژی دووشەممە 05ـی ئەم مانگە بە رووداوی گوتبوو، بەگوێرەی پێشبینییەکان، دوای 15ـی مانگ شەپۆلێکی بارانبارینی بەخوڕ هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و بە پلەی یەکەم کاریگەریی لەسەر پارێزگەی کەرکووک و ئیدارەی گەرمیان و دواتر هەولێر و ناوچەکانی دیکە دەبێت.