رێبوار تاڵەبانی: سەرپەرشتی كۆبوونەوەكەی هەولێر دەكەم
رووداو - هەولێر
سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بە وەكالەت رایگەیاند، ئەگەر بەپێی یاسابێت سەرپەرشتی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك دەکەم، كە بڕیارە 18ی ئەم مانگە لە هەولێر ئەنجامبدرێت.
رێبوار تاڵەبانی، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بە وەكالەت بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەگەر بەپێی یاسا بێت سەرپەرشتی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك لە هەولێر دەکەم".
سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بە وەکالەت، دەڵێت: "دەمێك بوو داوام کردبوو کە پارتی و یەكێتی لەسەر شوێنی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك رێكبكەون، سوپاس بۆ خودا ئێستا گەیشتوونەتە رێككەوتن، ئێمەش سەرپەرشتی كۆبوونەوەكەی هەولێر دەكەین".
رێبوار تاڵەبانی باسی لەوەشكرد، ئەگەر كۆبوونەوەكەی ئەنجوومەن لە هەولێر، ناوی نائاسایی لێبنرێت، دەبێت 13 ئەندام بە فەرمی داوای كۆبوونەوەكە بكەن، بەڵام ئەگەر كۆبوونەوەیەكی ئاسایی بێت، یەك ئەندامیش داوای بكات كۆبوونەوەكە بە ئاسایی دەكرێت و گوتیشی: "لەبەرئەوەی كۆبوونەوەكە لە هەولێر دەكرێت، ئەگەر هەیە داوا بكەین كۆبوونەوەكە لەناو بینای ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بكرێت".
لە كۆبوونەوەی رۆژی 5-2-2019 ، یەكێتی و پارتی رێككەوتن لەسەر ئەوەی لە هەمان رۆژی كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان كە 18-2-2019ـیە، ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك لە شاری هەولێر كۆببێتەوە.
لە دوای رووداوەكانی 16ـی ئۆكتۆبەری 2017، ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووكە چەندین كۆبوونەوەی راوێژكاری كردوە، بەڵام كۆبوونەوەی ئاسایی نەكردوە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی، لیستی برایەتی كە 26 ئەندامی هەیە و لیستێكی كوردیە و زۆرینەی ئەنجوومەنەكە پێكدەهێنێ بەشێك لە ئەندامانی ئەو لیستە بووچوونیان وابوو "كەركووك داگیركراوە" بۆیە ئامادەنەبوون بگەڕێنەوە كەركووك و ئامادەی كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنەكە ببن.
هەرچەندە لە دوو هەفتەی رابردوو یەكێتی هەوڵیدا جەمال مەولوود وەك بەتەمەنترین كەسی ئەنجوومەنەكە سەرپەرشتی كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنەكە بكات، بەڵام ئەو هەوڵەش سەركەوتوو نەبووە و دواجار پارتی و یەكێتی لەسەر ئەوە رێككەوتن لە 18ی ئەم مانگە لە شاری هەولێر ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بە ئامادەبوونی سەرجەم ئەندامانی لیستی برایەتی یەكەمین كۆبوونەوەی ئاسای خۆیان لە دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 ئەنجامبدەن.
لیستی برایەتی كەركووك، كە كورد سەرپەرشتی دەكات، لە كۆی 41 ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك خاوەنی 26 ئەندامە.
داڕشتنەوە؛ راوچی حەسەن