لە پەروێزخان گەنجێک بە تەقەی هێزەکانی ئێران کوژرا
رووداو دیجیتاڵ
شەوی رابردوو، هێزەکانی ئێران لەنێو بازاڕێکی بچووکی سنووری پەروێزخان تەقەیان لە گەنجێکی تەمەن 34 ساڵ بەناوی محەممەد عەزیزی کرد و بەو هۆیەوە گەنجەکە گیانی لەدەستدا.
رۆژی دووشەممە، 6ی، کانوونی دووەمی، 2025، ئەرسەلان یارئەحمەدی، ئەندامی بەڕێوەبەری رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بە رووداوی راگەیاند، "محەممەد عەزیزی سێ گولـلەی بەر سینگ و سکی کەوتوون و بەهۆیەوە گیانی لەدەستداوە".
یارئەحمەدی گوتی: "محەممەد عەزیزی هەفتەی رابردوو لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان تووشی تێکەڵچوون بووە و شەوی رابردوو ئەم هێزانە بۆ دەستبەسەرکردنی، چوونەتە بازاڕچەی پەروێزخان و دوای ئەوەی کە خۆی رادەستی هێزە ئەمنیەکان نەکردووە تەقەیان لێکردووە و کوشتوویانە".
بە گوتەی ئەندامەکەی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئەم هێزانە بۆ دەستبەسەرکردنی محەممەد عەزیزی فەرمانی تەقەکردنیان لە داواکاری گشتیی شاری قەسری شیرین وەرگرتبوو.
محەممەد عەزیزی، دانیشتووی شاری قەسری شیرینی پارێزگای کرماشان بووە لە رۆژهەڵاتی کوردستان.