لە سنە ژمارەیەک چالاکڤان لە دژی سووتاندنی غەزالە حدودی گردبوونەوە
رووداو دیجیتاڵ
ژمارەیەک چالاکڤان لە شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان داوایان کرد رێز لە مافەکانی ژنان بگرن و تووندوتیژی لە دژیان کۆتایی پێ بهێندرێت.
دووشەممە، 6ی کانوونی دووەمی، 2025، هاونیشتمانییەک بە رووداوی راگەیاند ،"کۆمەڵێک چالاکڤانی مەدەنی و خانەوادەی غەزالە حدودی لە دژی سووتاندنی ئەو خانمە لە بەردەم مزگەوتی گەڕەکی نایسەر لە سنە گردبوونەوە."
هاونیشتمانییەکە گوتی: "لە گردبوونەوەکە بەیاننامەیەک خوێندرایەوە و داوایان کرد کۆتایی بە تووندوتیژی دژی ژنان بهێنرێت و بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بەدواداچوون بۆ دۆسیەی غەزالە حدودی بکرێت".
رۆژی پێنجشەممە، 02-01- 2025 ژنێکی تەمەن 27 ساڵ بەناوی غەزالە حدودی لەلایەن پیاوێکەوە ئاگر لە دووکانەکەی بەردرا و ئێوارەی رۆژی دواتر گیانی لەدەستدا.
ئەو پیاوە چەند جارێک داوای پێکهێنانی ژیانی هاوژینیی لە غەزالە کردبوو، ئەویش رەتیکردبووەوە. پیاوەکەش چووەتە دووکانی غەزالە، کە بەرگدروو بووە و بەنزینی بە دووکانەکەیدا کردووە و ئاگری تێبەرداوە.
ئەو کەسە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکراوە.