حکومەتی هەرێمی کوردستان: ئەم ساڵ 24 رۆژ پشوو و 22 رۆژ بۆنەی فەرمی هەن
رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی هەرێمی کوردستان پشوو و بۆنە فەرمییەکانی ئەم ساڵی بڵاوکردەوە و دەڵێت، ئەم ساڵ 24 رۆژ پشووی فەرمی و 22 رۆژیش بۆنەی فەرمی دەبێت.
رۆژی شەممە، 06-01-2024، حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژژمێری زایینیی ساڵی 2024ـی بڵاوکردەوە کە تێیدا بۆنە و پشووە فەرمییەکانی راگەیاندووە. بەگوێرەی ئەو رۆژژمێرە بێت، رۆژانی پشووی ئەم ساڵ پێکدێن لە؛ 1ـی ئەم مانگە کە بەبۆنەی سەری ساڵی زایینییەوە بووە و مانگی شوبات هیچ پشوویەکی تێدا نییە.
مانگی ئادار، شەش رۆژ پشووی تێدایە ئەوانیش هەریەک لە 5ـی ئادار بەبۆنەی رۆژنی دەستپێکردنی راپەرینی گەلی کوردستان؛ 11ـی ئادار یادی راگەیاندنی رێککەوتنامەی 11ـی ئاداری 1970؛ 14ـی ئادار رۆژی لەدایکبوونی مەلا مستەفا بارزانی و 21-22 و 23ـی ئادار بەبۆنەی جەژنی نەورۆزەوە.
مانگی نیسانیش شەش رۆژ پشووی تێدایە ئەویش هەریەک لە 1ـی نیسان بەهۆی سەری ساڵی ئاشورییەکانەوە، 9ـی نیسان بەهۆی رۆژی رووخانی رژێمی بەعس و ئازادکردنی عێراق، هەروەها رۆژەکانی 9-10-11-12ـی نیسان بەهۆی جەژنی رەمەزانی پیرۆزەوە پشووی فەرمییە و 24ـی نیسان بەهۆی سەری ساڵی ئێزدییەکانەوە.
مانگی ئایار تەنیا یەک رۆژ پشووە کە 1ـی مانگە و رۆژی جیهانی کرێکارانە. مانگی حوزەیران چوار رۆژ بەهۆی جەژنی قوربانی پیرۆزەوە پشووە کە هەریەک لە رۆژانی 16-17-18-19ـی مانگ دەگرێتەوە.
مانگی تەممووز سێ رۆژ پشووی تێدایە ئەوانیش 7ـی مانگ بەهۆی سەری ساڵی کۆچییەوە، 14ـی مانگ بەهۆی راگەیاندنی دامەرزاندنی کۆماری عێراق و 16ـی مانگ بەهۆی رۆژی عاشوراوە.
مانگی ئابی 2024 هیچ پشوویەکی تێدا نییە. مانگی ئەیلوول تەنیا یەک رۆژ پشووی تێدایە ئەویش 15ـی مانگە بەهۆی یادی لەدایکبوونی پێغەمبەر درودی خودای لەسەربێت.
مانگی تشرینی یەکەمی 2024یـش تەنیا یەک رۆژ پشووی تێدایە ئەویش 3ـی مانگە بەهۆی رۆژی سەربەخۆیی کۆماری عێراق. مانگی تشرینی دووەم هیچ پشوویەکی تێدا نییە. مانگی کانوونی یەکەمیش یەک رۆژ پشووی تێدایە ئەویش 25ـی مانگە بەهۆی یادی لە دایکبوونی حەزرەتی مەسیح.
لەبارەی بۆنە فەرمییەکانەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەمساڵ 22 بۆنەی فەرمی لە هەرێمی کوردستان هەیە.