قایمقامی ماوەت: فڕۆکەی جەنگی سنووری گوندی گەڵاڵەی بۆردوومان کرد
رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی قەزای ماوەت رایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ ناوچەیەکی سنووری گوندی گەڵاڵە لە سنووری قەزای ماوەت بە فڕۆکەی جەنگی گەورە بۆردوومان کراوە.
رۆژی شەممە، 06-01-2023، کامەران حەسەن، قایمقامی قەزای ماوەت بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، نزیکەی کاژێر 5:30ـی ئەمڕۆ ناوچەی زیونو کە کیلۆمەترێک لە گوندی گەڵاڵە دوورە بە "فڕۆکەی جەنگی" بۆردوومان کراوە.
بە گوتەی قایمقامی قەزای ماوەت، بۆردوومانەکە هیچ زیانێکی گیانیی نەبووە، بەڵام چەند پارچەیەکی ئەو مووشەکە بەر "خانوویەک کەوتوون و تەنیا زیانی مادیی هەبووە".
گوندی گەڵاڵە دەکەوێتە سەر بە قەزای ماوەتە و 58 کیلۆمەتر لە سەنتەری پارێزگای سلێمانییەوە دوورە، هەروەها 17کیلۆمەتر لە قەزای ماوەتەوە دوورە و گوندێکی ئاوەدانە و نزیکەی 30 ماڵی تێدا نیشتەجێن.
کامەران حەسەن گوتیشی، "ئەو شوێنەی بۆردوومان کراوە بەشێکە لە چیای ئاسۆس کە لە گەڵاڵەوە درێژدەبێتەوە بۆ قەڵادزێ و پەکەکەش لەو سنوورە هەن."