ئەو کوردەی بە ئاکشەنەری گوت 'ئێرە کوردستانە،' بەربژێری هەدەپە بۆ هەڵبژاردنی شارەوانی

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەو دووکاندارە کوردەی لە پارێزگای سێرتی باکووری کوردستان بە سەرۆکی ئیی پارتی گوت "ئێرە کوردستانە،" بووەتە بەربژێری پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان - هەدەپ بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە شارۆچكەی میسرجی سەر بە پارێزگای سێرت.
 
جەمیل تاشکەسن، رۆژی هەینی 29ی تشرینی یەکەمی 2021، کاتێک مەرال ئاکشەنەر، سەرۆکی ئیی پارتی، کە پارتێکی راستڕەوی نەتەوەپەرستی تورکیایە، سەردانی شارۆچکەی میسرجی کرد و چووە نێو بازاڕ، بە ئاکشنەری گوت، "نکۆڵی لە زمانمان دەکرێت، نکۆڵی لە ناسنامەمان دەکرێت، نکۆڵی لە کوردستان دەکرێت، ئەوانەی لێرەن هەموو کوردن، ئەو شوێنەی ئێستا ئێوە لێی وەستاون کوردستانە، بەڵام بەداخەوە لە پەرلەمان نکۆڵی لە کوردستان دەکرێت."
 
ئەو گرتە ڤیدیۆییە و قسەکانی ئەو دووکاندارە خێرا لە تورکیا بڵاوبووەوە، هەمان رۆژ داواکاری گشتیی شارۆچکەی میسرج بە تۆمەتی "پڕوپاگەندەکردن بۆ تیرۆر" سکاڵای لەسەر ئەو دووکاندارە تۆمار کرد و دەستگیرکرا، بەڵام ئێوارەی هەمان رۆژ ئازادکرا.
 
لەسەر ئەو رووداوە، مستەفا یەنەرئۆغڵو، پەرلەمانتاری پارتی پێشکەوتن و دیموکراسی - دەڤا هەمان رۆژ تویتێکی بڵاوکردەوە و تێیدا نووسی، "لە سێرت دووکاندارێک بەهۆی بەکارهێنانی دەستەواژەی (کوردستان) بە تۆمەتی پڕوپاگەندەکردن بۆ تیرۆر دۆسیەی لەسەر تۆمارکرا و دەستگیرکرا، ئەمە رێک وەستانی مێشکە."
 
مستەفا یەنەرئۆغڵو کە لەو ساڵەدا تاکە پەرلەمانتاری پارتی پێشکەوتن و دیموکراسی بوو، بە سەرۆکایەتی عەلی باباجان لە پەرلەمانی تورکیا، ئاماژەی بەوە دا، "جێگەی قبووڵکردن نییە داواکارێکی گشتی بەپێی ناسنامەی سیاسیی کەسەکان تۆمەت هەڵبەستێت و ئامرازەکانی یاسا بۆ ئەو مەبەستە بەکاربهێنێت."