کەشناسیی هەرێمی کوردستان: سبەی باران دەبارێت

 
رووداو دیجیتاڵ

کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پێشبینی دەکەن سبەی بارانبارین لە پارێزگای دهۆکەوە دەستپێبکات و پاشان ناوچەکانی دیکەش بگرێتەوە.
 
رۆژی سێشەممە 05-12-2023 بەشی کەشناسی لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پێشبینی دەکرێت ئەمڕۆ بەگشتی ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور بێت، لە هەندێک ناوچەش دەگۆڕێت بۆ نیمچەهەور.
 
بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسیش بێت، سبەی چوارشەممە 06-12-2023 ئاسمان نیمچەهەور دەبێت و لە کاتەکانی بەیانیدا دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو، لە ئەنجامی هاتنی نزمە پاڵەپەستۆی لاواز بۆ سەر ناوچەکان، سەرەتا بارانبارین لەسەر بەشێک لە سنووری پارێزگای دهۆک دەستپێدەکات و پاشان بە شێوەی نمە باران لەسەر ناوچە جیاجیاکان دەبارێت، پلەی گەرماش دوو بۆ سێ پلە بەراورد بە ئەمڕۆ دادەبەزێت.
 
رۆژی دووشەممە 04-12-2023 محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی بە رووداوی گوت، رۆژی چوارشەممە 06-12-2023 شەپۆلێکی بارانبارین بە لاوازی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە؛ زیاتر لە سنووری دهۆک کاریگەریی دەبێت و دواتر ناوچە شاخاوییەکانی هەولێر.
 
بەگوێرەی پێشبینییەکانی ئەو کەشناسە، رۆژانی پێنجشەممە و هەینی ئاسمان ساماڵ دەبێت و رۆژی شەممە شەپۆلێکی بارانبارین تەواوی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە. گوتیشی، "زۆرترین باران لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک دەبارێت؛ لە سلێمانی و هەموو ناوچەکانی دیکەش بارانی باش دەبارێت؛ تەنیا لە هەڵەبجە و گەرمیان کەمتر لە ناوچەکانی دیکە باران دەبارێت."
 
محەممەد کەمال ئاماژەی بەوەش کرد، بەهۆی شەپۆلەکەی رۆژی شەممەوە پلەی گەرما دادەبەزێت و لە تەواوی ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی کوردستان بەفر دەبارێت.
 
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی بۆ سبەی چوارشەممە:
 
هەولێر: 20 پلە
سلێمانی: 19 پلە
دهۆک: 19 پلە
کەرکووک: 22 پلە
هەڵەبجە: 20 پلە
زاخۆ: 19 پلە
سۆران: 15 پلە
حاجی ئۆمەران: 10 پلە
گەرمیان: 25 پلە