لە ئەرزەڕۆم نۆ خوێندکار ژەهراوی بوون

هەولێر دیجیتاڵ
 
لە پارێزگەی ئەرزەڕۆمی باکووری کوردستان، نۆ خوێندکار بەهۆی خواردنی میوەوە ژەهراوی بوون. دەستبەجێ تیمێکی تەندروستی ئاگادارکراونەتەوە و بە ئەمبوڵانس گەیشتوونەتە خوێندنگەکە.
 
بەگوێرەی زانیارییەکان لە ناوچەی ئەرزەڕۆمی باکووری کوردستاندا، لە خوێندنگەیەکی ئامادەیی بە ناوی "شوکرپاشا" نۆ خوێندکار نەخۆش کەوتوون.
 
بەهۆی نەخۆشکەوتنی خوێندکارەکانەوە، ئەندامانی خوێندگەکە داوایان کردووە, تیمی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی ئەرزەڕۆم فریایان بکەوێت، تیمەکە دەستبەجێ گەیشتوونەتە خوێندنگەکە.
 
ئەو تیمەی تەندروستی، خوێندکارەکانیان بە ئەمبوڵانس گەیاندووەتە نەخۆشخانەی "پەروەردە و لێکۆڵینەوەی ئەتاتورک"ـی سەر بە ئەرزەڕۆم.
 
لە ئەنجامی پشکنینی پزیشکیدا، دەرکەوتووە ئەو نۆ خوێندکارە، بەهۆی خواردنی میوەوە ژەهراوی بوون و نەخۆش کەوتوون.
 
بەپێی زانیارییەکان، ئێستا تەندروستیی خوێندکارەکان جێگیرە و باشن، لە نەخۆشخانە چارەسەریان وەرگرتووە و مەترسی لەسەر ژیانیان نییە.