لە سلێمانی 9، لە دهۆک 10 و لە هەڵەبجەش دەرماڵەی 6 مانگی زانکۆ و پەیمانگەکان نەدراون
رووداو دیجیتاڵ
یاریدەدەری زانکۆی سلێمانی بۆ کاروباری خوێندکاران دەڵێت، بەهۆی نەبوونی پارە لە بانکەکانی سلێمانی نۆ دەرماڵەی خوێندکاران دابەشنەکراوە. لە هەڵەبجەش شەش دەرماڵە لەبەر هەمان هۆکار دابەشنەکراوە. بەرپرسێکی ژمێریاریی زانکۆی دهۆکیش دەڵێت، تائێستا 10 دەرماڵەیان دابەشنەکردووە، ئەوەش لە کاتێکدایە لە زانکۆی سەلاحەدین بڕیاری خەرجکردنی دەرماڵەیەکی خوێندکاران درا.
رۆژی سێشەممە 05-12-2023 سامان عەبدوڵلا، بەرپرسی راگەیاندنی سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دوای بهدواداچوونی بهردهوامی پ. ی. د. كامهران یونس محەممەد ئهمین، سهرۆكی زانكۆی سهلاحهدین، یاریدهدهرانی سهرۆكی زانكۆ و بهڕێوهبهری دارایی سهرۆكایهتیی زانكۆ، ئهمڕۆ رهزامهندی بۆ دابهشكردنی دهرماڵهی قوتابییان وهرگیرا و پارهی پێویستیش لهبهردهسته بۆ ئهم مهبهسته."
بە گوتەی سامان عەبدوڵڵا، زانکۆی سەلاحەدین دەرماڵەی مانگەکانی 10، 11 و 12ی 2022 و سێ مانگی سەرەتای 2023ی دابەشکردووە، بەو دەرماڵەی ئەمڕۆ بڕیاری لەبارەوە دراوە، چوار دەرماڵەی 2023 دابەشکراوە و تەنیا دوو دەرماڵەی ئەو ساڵە ماوە دابەشبکرێت کە بڕیاری خەرجکردنیان دراوە، تەنیا ئەوەی ماوە بودجەی بۆ دابین بکرێت.
لە سلێمانی نۆ و لە هەڵەبجە شەش دەرماڵە نەدراوە
لە زانکۆی سلێمانی و هەڵەبجە دەرماڵەی مانگەکانی 10، 11 و 12ی 2022 و هەروەها شەش مانگی 2023 دابەش نەکراوە. د. پێشڕەو حەمەجان، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی بۆ کاروباری خوێندکاران بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "سێ مانگی کۆتایی 2022 لەگەڵ سێ مانگی سەرەتای 2023 بڕیاری خەرجکردنی دراوە و هەموو رێکارەکان تەواو بوون، بەڵام بەهۆی نەبوونی پارە لە بانکدا نەتواندراوە دابەشبکرێت و ئەوەش بەرپرسیارێتیی بانکە."
لەبارەی مانگەکانی نیسان، ئایار و حوزەیرانی 2023 د. پێشڕەو حەمەجان گوتی، ئەوەش لە ئەنجوومەنی وەزیران و خوێندنی باڵا بڕیاری لەبارەوە دراوە و تەنیا ئەوەی ماوە وەزارەتی دارایی بۆ زانکۆی سلێمانی بنێرێت، واتە ئەو سێ مانگەش لە ئەستۆی وەزارەتی داراییە و ئەوان بەرپرسیارن.
د. پێشڕەو حەمەجان داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات، بە زووترین کات پارە دابین بکرێت و دەرماڵەی سێ مانگی کۆتایی 2022 و سێ مانگی سەرەتای 2023، کە رەزامەندییان لەسەر دراوە، بە دابەشبکرێت و دەڵێت، "داوا لە ئەنجوومەنی وەزیران دەکەین بڕیاری خەرجکردنی دەرماڵەی ساڵی 2023 - 2024یـش بدەن، واتە هۆکاری دابەشنەکردنی دەرماڵەی شەش مانگی زانکۆکە لە ئەستۆی بانکە، سێ مانگ لە ئەستۆی وەزارەتی دارایی و ساڵی نوێ لە ئەستۆی ئەنجوومەنی وەزیرانە و ئەوان بەرپرسیارن."
مهاباد کامیل، سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجەش بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دەرماڵەی سێ مانگی کۆتایی 2022 لە زانکۆکەمان دابەشکراوە، بەڵام شەش مانگی 2023 دابەشنەکراوە، هەرچەندە رەزامەندی لەسەر خەرجکردنیشی دراوە، بەڵام بەهۆی نەبوونی پارەوە نەتوانراوە دابەشبکرێت."
لە دهۆک دەرماڵەی 10 مانگ دابەشنەکراوە
زانکۆی دهۆک نزیکەی 23 هەزار خوێندکاری هەیە و تائێستا دەرماڵە دابەشنەکراوە. مەروان فەندی، بەڕێوەبەری ژمێریاریی زانکۆی دهۆک بە رووداوی گوت، دەرماڵەی مانگەکانی 9، 10، 11 و 12ی 2022ـیان دابەشنەکردووە، هاوکات دەرماڵەی شەش مانگی 2023 دابەشنەکراوە، کە بۆ هەمووی داوای حەوت ملیار و نیویان کردووە."
بە گوتەی بەڕێوەبەری ژمێریاریی زانکۆی دهۆک، بانک پەیوەندیی پێوەکردوون و داوایان لێکردوون ئەو بڕە پارەی بۆ دەرماڵە پێویستیانە ئاگاداریان بکەنەوە و دەشڵێت، "داوای حەوت ملیار و نیومان کردووە و پێیان گوتین چاوەڕوان بن ئەم هەفتەیە وەڵامتان دەدەینەوە."
بڕی پاڵپشتییە داراییەكە 40 هەزار دینارە بۆ خوێندكارانی نێو شار و 60 هەزار دینارە بۆ خوێندکارانی دەرەوەی شار.
رۆژی چوارشەممە 22-02-2023 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رەزامەندیی دا لەسەر بەردەوامی و خەرجکردنی زیاتر لە حەوت ملیار و 250 ملیۆن دیناری مانگانە وەکو پاڵپشتی بۆ خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکانی ھەرێمی کوردستان و دابینکردنی خزمەتگوزاریی بەشە ناوخۆییەکان بۆ ساڵی خوێندنی 2022 و 2023.
بەگوێرەی بڕیارەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەو گوژمەیە ھاوشێوەی ساڵی خوێندنی 2021 و 2022ە و لەسەر بودجەی زانکۆ و پەیمانگەکان تەرخان دەکرێت.