جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی: دابەشکردنی نەوت خاوە
رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، پرۆسەی دابەشکردنی نەوتی ماڵان بە خاوی بەڕێوەدەچێت، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە دەسەڵاتی دابەشکردنی نەوت لە پارێزگاکان وەرگیراوەتەوە و دراوەتە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان." بە گوتەی جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سرووشتییەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر، لە ناوەڕاستی مانگی یەک دابەشکردنی نەوت لە سەنتەری شاری هەولێر دەستپێدەکات." قایمقامی دهۆکیش دەڵێت: "دابەشکردنی نەوت لە ناوچە شاخاوییەکان تەواو بووە."
جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی: دابەشکردنی نەوت خاو دەڕوات
رۆژی دووشەممە 5-12-2022، بەرزان شێخ محەممەد، جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لەبارەی دابەشکردنی نەوت لە پارێزگای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دابەشکردنی نەوت وەکو پێویست ناڕوات، ئەو بڕەی دابیندەکرێت بۆ دابەشکردن کەمە، بۆیە پڕۆسەکە بەگشتی خاوە، ئەم پڕۆسەیە ئەمساڵیش هاوشێوەی ساڵانی پێشوو دەبێت بە درەنگی دەگاتە هاووڵاتی، چونکە پێشتر دابەشکردنی نەوت کە لەدەستی پارێزگاکان بوو، خێراتر و باشتر بوو، بەڵام ئێستا کە دراوەتە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان پڕۆسەکە وەکو پێویست نییە."
بەرزان شێخ محەممەد گوتیشی: "ئێستا لە پارێزگای سلێمانی ئەو کێشەیە نەماوە کە هەندێک شوێن وەرگرتنی نەوتیان رەتکردەوە، چونکە حکومەت بەڵێنی دابوو بۆ ئەو ناوچانەی شاخاویی و ساردن دوو بەرمیل دابەشبکات، لەوانە قەزای پێنجوێن، بۆیە نزیکەی 10 رۆژێک دەبێت نەوتیان بۆ رۆیشتووە."
رۆژی 13-09-2022، کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان بە وەکالەت سەردانی پەرلەمانی کوردستانی کرد و لەگەڵ لیژنەی سامانە سرووشتییەکان کۆبووەوە؛ دواتر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، دابەشکردنی نەوت دەستپێدەکاتەوە و لە قۆناخی یەکەمدا 320 هەزار خێزان لە دابەشکردنی نەوت سوودمەند دەبن.
رۆژی دووشەممە 17-10-2022، وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند، "وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان هەر وەكو بەڵێنی دابوو، لە (20)ی ئەم مانگە دەست بە دابەشكرنی نەوت لە ناوچە شاخاوییەكان دەکات. بۆ ئەم مەبەستەش هەموو خێزانێك 200 لیتر نەوتی بە نرخی 100 هەزار دینار پێدەدرێت. ئەم نرخەش بە رێژەی 65% لەلایەن حكومەتەوە پاڵپشتی كراوە و هاووڵاتی 35%ی دەدات."
بەهۆی "گرانیی" نرخی ئەو بەرمیلە نەوتەی حکومەت دابەشیدەکات، هاونیشتمانییانی بەشێک لە قەزا و ناحیەکانی پارێزگای سلێمانی وەرگرتنی نەوتیان رەتکردەوە.
بڕیاربوو 20-10-2022، لە سنووری قەزای پێنجوێن دەست بە دابەشکردنی نەوت بکرێت و نرخی هەر بەرمیلێک بە 102 هەزار و 500 دینار بێت، بەڵام هاووڵاتییانی ئەو سنوورە رەتیانکردەوە بەو نرخە نەوت وەربگرن.
رۆژی 15ـی مانگی رابردوو، قایمقامیەتی قەزای پێنجوێن لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند بەهۆی خۆپێشاندانەکانی ئەو شارەوە دژی نرخی نەوت، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی سلێمانییەوە ئاگادارکرانەوە رۆژی چوارشەممە (16-11-2022) لە پێنجوێن ناتوانن نەوت بنێرن، واتە نەوت دابەش ناکرێت."
"ناوەڕاستی مانگی داهاتوو نەوت لە سەنتەری شاری هەولێر دابەشدەکرێت"
بەپێی راگەیێندراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە ئەمڕۆ دووشەممە بڵاویکردووەتەوە، لە ملیۆنێک و 257 هەزار خێزان لە هەرێمی کوردستان، 156 هەزار و 539 خێزان نەوتیان وەرگرتووە. جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سرووشتییەکان لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر دەڵێت، دابەشکردنەکە تەنیا لە ناوچە شاخاوییەکان بووە و "بە خاوی بەڕێوەدەچێت."
عیماد رەفعەت، جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سرووشتییەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر لەبارەی دابەشکردنی نەوتەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "پڕۆسەکە بەخاوی دەڕوات، هەندێکجار بەهۆی بەفر و بارانیشەوەیە، هێشتا دابەشکردنی نەوت لە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای هەولێر بەتەواوەتی تەواو نەبووە و هەندێک ناوچە و گوند ماون و نەوتیان لێ دابەش نەکراوە."
سەبارەت بە دابەشکردنی نەوت لەناو سەنتەری شاری هەولێر، عیماد رەفعەت روونیکردەوە: "پێشبینی دەکەین لە ناوەڕاستی مانگی 1ی ساڵی داهاتوو دابەشکردنی نەوت بگاتە ناو شاری هەولێر و دابەشبکرێت."
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تاوەکو رۆژی 04-12-2022 وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان 31 ملیۆن و 207 هەزار و 800 لیتر نەوتی لە هەرێمی کوردستان بەسەر 156 هەزار و 539 خێزاندا دابەشکردووە و دابەشکردنەکە بەم جۆرە بووە:
- لە سنووری پارێزگای هەولێر 8 ملیۆن و 454 هەزار و 400 لیتر دابەشکراوە؛ 42 هەزار و 272 خێزان لێی سوودمەند بوون.
- لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە 12 ملیۆن و 213 هەزار و 800 لیتر دابەشکراوە؛ 61 هەزار و 69 خێزان لێی سوودمەند بوون.
- لە سنووری پارێزگای دهۆک 10 ملیۆن و 639 هەزار و 600 لیتر دابەشکراوە؛ 53 هەزار و 198 خێزان لێی سوودمەند بوون.
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لە 20-10-2022 دەستی بە دابەشکردنی نەوتی سپی کرد. هەرێمی کوردستان ملیۆنێک و 257 هەزار خێزان تێیدا دەژین و بۆ وەرگرتنی نەوت دابەشی سەر سێ زۆن کراون:
- ناوچە شاخاوییەکان 320 هەزار خێزان.
- ناوچەکانی دەوروبەر 340 بۆ 345 هەزار خێزان.
- سەنتەری شارەکان 625 هەزار خێزان.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕی 70 ملیار دینار بۆ کڕینی نەوت تەرخانکراوە و بە شێوەی تەندەر 320 هەزار بەرمیل بە نرخی 284 هەزار دینار بۆ هەر بەرمیلێک دەکڕێت و بە 103 هەزار دینار دەیداتە هاونیشتمانییان.
قایمقامی دهۆک: دابەشکردنی نەوت لە ناوچە شاخاوییەکان تەواو بووە
بەهۆی گرانی نرخی نەوتەوە، بەشێک لە هاونیشتمانییان بۆ خۆگەرمکردنەوە، پەنایان بۆ گاز بردووە، بەڵام ئەمساڵ لە دوو رووداوی جیاوازدا لە سلێمانی و دهۆک 22 کەس بەهۆی تەقینەوەی سیستەمی گازەوە گیانیان لەدەستدا و چەند کەسێکی دیکەش برینداربوون.
سەرباری ئەوەش دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە و وەزارەتی کشتکوکاڵ بەردەوام هۆشداریی لە بڕینەوەی دار بۆ خۆگەرمکردنەوە دەدات.
رۆژی دووشەممە 5-12-2022، جەهوەر عەلی، قایمقامی ناوەندیی دهۆک لەبارەی دابەشکردنی نەوتەوە رایگەیاند: "دابەشکردنی نەوت لە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای دهۆک تەواو بووە، ئەوەی ماوە سەنتەری شارەکان و دهۆکە، بەڵام هێشتا روون نییە کەی نەوت لە سەنتەری شاری دهۆک دابەشدەکرێت، بەپێی زانیارییەکان بڕی نەوتی پێویست بەردەست نییە."
رۆژی هەینی 23-09-2022، عەلی حەمەساڵح، سەرۆکی لیژنەی سامانە سرووشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لەگەڵ وەزیری سامانە سرووشتییەکان کۆبووینەوە. ئەوان پلانیان وایە ئەمساڵ نەوت دابەشی سەر ماڵان بکەن بە سێ هەنگاو."
بە گوتەی عەلی حەمەساڵح، ئەو پلانەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بەوانی داوە بەم شێوەیە:
- مانگی 10 نەوت لە ناوچە شاخاوییەکان دابەشدەکرێت.
- مانگی 11 نەوت لە دەوروبەری شارەکان دابەشدەکرێت.
- مانگی 12 نەوت لە سەنتەری شارەکان دابەشدەکرێت.