یاریدەدەری ئەردۆغان: لە شرناخ دەستمان بە گەورەترین پرۆسەی گەڕان بە دوای نەوتدا کردووە
رووداو دیجیتاڵ
لە دانیشتنێکی پەرلەمانی تورکیادا، فوئاد ئۆکتای، یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، لە شارۆچکەی چەکەرئۆڤای پارێزگای ئەدەنە نەوت دۆزراوەتەوە و گەورەترین هەڵمەتی گەڕان بەدوای نەوتیش لە شرناخ دەستیپێکراوە.
دانیشتنەکانی پەرلەمانی تورکیا لەبارەی رەشنووسی بودجەی گشتیی تورکیا بۆ ساڵی 2023 دەستیپێکرد و بۆ ماوەی 12 رۆژ لەسەر یەک و بەبێ پشوو بەردەوام دەبێت. یەکەمین دانیشتنی پەرلەمان کاژێر 12:00ی ئەمڕۆ دووشەممە 5-12-2022 بە ئامادەبوونی، فوئاد ئۆکتای، یاریدەدەری سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە دەستیپێکرد.
ئۆکتای ئاماژەی بەوەدا، ساڵی 2022 یەکێک لە گەورەترین گەڕان بەدوای کێڵگە نەوتییەکان لە جیهاندا لە پارێزگای شرناخی باکووری کوردستان کراوە. راشیگەیاند: "لە گەورەترین کێڵگە نەوتیی بە بڕی نزیکەی 800 ملیۆن دۆلار نەوتمان دۆزییەوە. مەزەندە دەکرێت نەوتی ئەو ناوچەیە نزیکەی هەشت ملیۆن بەرمیل بێت. ئێمە ساڵی 2022 یەکێک لە گەورەترین گەڕانی نەوتیمان لەسەر ئاستی جیهان لە شرناخ کردووە کە ناوی ئەفسەری شەهید 'ئەسما چەڤیک' ـمان لێناوە."
لە پارێزگای شرناخی باکووری کوردستان یەدەگی نەوت دۆزرایەوە و بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداویش، ئێستا رۆژانە نزیکەی 5 هەزار بەرمیل نەوت لە سنووری شرناخ دەردەهێندرێت و دەنێردرێتە پارێزگای ئیلێهـ لە باکووری کوردستان و لەوێ دەپاڵێورێت.
بەگوێرەی میدیای تورکیا، لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا هەڵمەتێکی بەرفراوانی گەڕان لە شرناخ هەبووە و ئەنجامەکەشی ئەوەیە کە بڕێکی زۆر نەوت دۆزراوەتەوە.
چاوەڕوان دەکرێت لە رۆژانی داهاتوودا ئەو یەدەگی نەوتە لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیاوە بە فەرمی رابگەیێندرێت.
ئەو یەدەگی نەوتە لە رێگەی چیای گابار لە گوندی ئاکچای لە نزیک چیای جوودی دۆزراوەتەوە. میدیای تورکیا بە پشتبەستن بەو زانیارییانەی لە ئەندازیارانی پڕۆژەکە وەریگرتووە، بڵاویکردووەتەوە، لەو ناوچەیەدا دوو هێندەی یەدەگی ئێستای تورکیا نەوت دۆزراوەتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، ماوەی چەند مانگێکە هەڵمەتێکی گەورەی گەڕان بۆ دۆزینەوەی نەوت لە شرناخ و چەند پارێزگایەکی دیکەی باکووری کوردستان دەستیپێکردووە.
کێڵگە نەوتییەکانی تورکیا زۆر دەوڵەمەند نین. کێڵگە نەوتییەکانی ئێستا زیاتر لە پارێزگاکانی سەمسوور، ئێلیهـ و ئامەدی باکووری کوردستانن. هەروەها لە پارێزگاکانی سێرت و رووها و مێردینی باکووری کوردستانیش کێڵگەی نەوت هەیە. ئەو نەوتەی بەرهەمدێت بەشێکی زۆر کەم لە پێداویستییەکانی ناوخۆی تورکیا دابین دەکات.
لە کاتێکدا 93%ی کێڵگە نەوتییەکانی باکووری کوردستان و تورکیا لە 25 ملیۆن بەرمیل بچووکترن، 7%ـیان کێڵگەی گەورەن و یەدەگەکانیان لە نێوان 25 ملیۆن بۆ 500 ملیۆن بەرمیلدایە. لە وڵاتانی دراوسێدا نەوت لە قووڵایی نێوان 100-1000 مەتر دەدۆزرێتەوە، بەڵام لە تورکیا لە 3000-4000 هەزار مەتردا دەدۆزرێتەوە.
لە ساڵی 2015دا یەدەگی نەوتی خاوی بەرهەمهێندراو لە تورکیا بە 334.5 ملیۆن بەرمیل هەژمار کراوە. بەپێی توانای بەرهەمهێنانی ئێستا، تەمەنی یەدەگەکان 19 ساڵە.
تورکیا لە ساڵی 2015 دا 51 هەزار بەرمیل نەوتی لە رۆژێکدا بەرهەمهێناوە، لە بەرامبەردا 796 هەزار بەرمیلی لە رۆژێکدا بەکارهێناوە. لە ساڵی 2015دا بەرهەمهێنانی نەوتی خاو لە ناوخۆدا بە رێژەی 6.4%ی پێویستی ناوخۆی دابینکردووە.