بەهۆی لێچوونی گاز کافتریای زانکۆی سلێمانی چۆڵ دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی لێچوونی گازەوە لە کافتریای زانکۆی سلێمانی، داوا لە خوێندکاران کراوە بچنە دەرەوە. یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی بۆ کاروباری خوێندکاران دەڵێت، "لە کافتریای ناوەندی زانکۆ لێچوونی گاز هەبووە، بەڵام بابەتەکە بەو شێوەیە گەورە نییە و ئێستا بەرگریی شارستانی بۆ کۆنترۆڵكردنی گازەکە لە کافتریاکەن."
ئەمڕۆ دووشەممە 05-12-2022، د. پێشڕەو حەمەجان، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی بۆ کاروباری خوێندکاران بە رووداوی گوت، "لە کافتریای ناوەندی زانکۆی سلێمانی سیستمی گازی شل هەیە، بەڵام بەردەوام کۆمپانیای جێبەجێکار سەردانی ئەوێ دەکات بۆ دڵنیابوونەوە لە سیستمەکە، ئەم بەیانییە سەردانی زانکۆم کردووە و بە کارمەندانی کافتریاکەم گوتووە، سیستمەکە لێچوونی گازی هەیە و دوانیوەڕۆ دێنەوە چاکی دەکەن، ئەوانیش پەیوەندییان بە بەرگریی شارستانی سلێمانییەوە کردووە، ئێستا ئەوان لە کافتریای زانکۆکەن بۆ کۆنترۆڵکردنی لێچوونی گازەکە."
د. پێشڕەو حەمەجان گوتیشی، "بەرگریی شارستانیی سلێمانی بۆئەوەی کارەکانیان بکەن، داوایان لە خوێندکاران کردووە کافتریاکە بەجێبهێڵن، ئەگینا هیچ رووداوێک نەبووە، بابەتەکە گەورە کراوە و نە ئاگر و نە بۆن هیچ نییە و ئەوانیش سەرقاڵی چاککردنی لێچوونەکەن، بەڵام خوێندکاران ترساون بۆیە بابەتەکە گەورە کراوە."
هەر دوێنێ یەکشەممە 04-12-2022، لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند، "بەهۆی مەترسیی لێچوونی گاز و بۆ رێگریکردن لە رووداوی نەخوازراو، هۆڵی وەرزشیی لوکس لە گەڕەکی هەواری تازە لە سلێمانی داخرا."
رۆژی پێنجشەممە 17-11-2022، بەهۆی تەقینەوەی سیستمێکی شۆفاژ، خانوویەکی سێ نهۆمی لە سلێمانی رووخا و بەهۆیەوە 15 هاونیشتمانی گیانیان لەدەستدا و 12ی دیکە برینداربوون.
شەوی دووشەممە 21-11-2022، تانکیی گازی سەمونخانەیەک لە دهۆک تەقییەوە و بەو هۆیەوە حەوت کەس گیانیان لەدەستدا و 31 کەسی دیکە برینداربوون.
دوای رووداوەکەی دهۆک مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، کارکردن بە سیستەمی گاز رابگیرێت تاوەکو رێنوێنیی نوێ دەردەکرێت.