بەربژێرێکی پارتی لە کەرکووک: کار بۆ ئەوە دەکەین پۆستی پارێزگار وەربگرینەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەربژێرێکی پارتی لە کەرکووک دەڵێت، لێکردنەوەی پۆستەر و وێنەکانیان شتێکی ئاساییە و ئاماژە بەوەش دەکات، لەگەڵ لایەنە کوردستانییەکانی دیکەدا کار بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی پارێزگار دەکەن.
رۆژی یەکشەممە 05-11-2023 ئەسما حەسەن، ناسراو بە ئەسما ئەمین، بەربژێری ژمارە چوار لە لیستی 197ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک، لەبارەی لێکردنەوەی پۆستەر و وێنەکانیان لە کەرکووک، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "شتێکی ئاساییە و لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا ئەو شتانە نەک بۆ پارتی، بەڵکو بۆ هەموو لایەنەکان روودەدەن."
ئەسما ئەمین گوتیشی، "هیچ لایەنێک تۆمەتبار ناکەین. شارەکە کورد، عەرەب، تورکمان و هەموو ئایینەکان لەخۆدەگرێت؛ هەروەها کەسانی نوێش هاتوونەتە شارەکە؛ حەشدی شەعبی لە شارەکەیە؛ عەرەبێکی هاوردەی زۆر لە شارەکەیە، سەرەڕای ئەوەش ناحەزمان زۆرە."
ئەو بەربژێرەی پارتی گوتی، "ئەمن و ئاسایش نییە؛ منداڵێک زۆر بە ئاسانی لە شەقام پۆستەرەکانمان دەشێوێنێت و ناتوانرێت کەسیش تۆمەتبار بکەیت، چونکە لە شەقامەکان کامێرا نییە."
ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە 15 کورسی پێکدێت. ئەسما ئەمین دەڵێت، "هیوادارین کورد 10 کورسی کەمتر نەهێنێت؛ ئەگەر 10 کورسیش نەهێنین، ئەوە پارتی و یەکێتی 8 دەهێنین. کار بۆ ئەوەش دەکرێت پۆستی پارێزگای کەرکووک وەربگرینەوە."
ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کە لە 15 کورسی و کورسییەکی کۆتای کریستیان پێکهاتووە، کورد تێیدا بە پێنج لیستی جیا بەشداریی هەڵبژاردن دەکات؛ یەکێتی و حیزبی شیوعیی کوردستان بە هاوپەیمانیی "کەرکووک هێز و ئیرادەمانە" بە ژمارە 142؛ پارتی دیموکراتی کوردستان بە لیستی ژمارە 197؛ یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان و کۆمەڵی دادگەری بە هاوپەیمانیی "مەشخەڵی کەرکووک" بە لیستی ژمارە 163؛ پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان بە لیستی ژمارە 202 و جووڵانەی نەوەی نوێ بە لیستی ژمارە 167 بەشدارن.
لە هەڵبژاردنی ساڵی 2005ی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکدا، کە ژمارەی کورسییەکانی 41 کورسی بوو، لیستی "برایەتیی کەرکووک" کە لیستێکی کوردستانی بوو، 26 کورسیی بەدەستهێنا و بەو جۆرەش پارێزگاری پارێزگاکە لە کورد بوو.
رۆژی چوارشەممە 01-11-2023 بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەستیپێکرد، بڕیارە هەڵبژاردنەکە لە 18-12-2023 بەڕێوەبچێت. لەدوای 2003وە سێ جار هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کراوە، بەڵام تەنیا یەک جار ئەو هەڵبژاردنە لە کەرکووک کرا، ئەویش لە ساڵی 2005 بوو.