'سوێند بە خودای کوردستان'؛ ژمارەیەک گەنجی کورد لە ئامەد سوێند دەخۆن تەنیا بە کوردی قسە بکەن
رووداو دیجیتاڵ
پلاتفۆرمی گەنجانی کورد لە گۆڕەپانی شێخ سەعید لە ئامەد کۆبوونەوە سوێندیان خوارد تا لە ژیاندان بە زمانی کوردی قسە بکەن.
پێش ئامادەبوونی ئەندامانی پلاتفۆرمی گەنجانی سەربەخۆ لە گۆڕەپانەکە، پۆلیس بە دەوروبەری گۆڕەپانەکەدا بڵاوکرانەوە. دواتر گەنجانی سەربەخۆ بەیەکەوە چوونە نێو گۆڕەپانی شێخ سەعید.
لەنێوان گەنجەکان و پۆلیسدا دانوستاندنێکی بالکێش دروستبوو؛ پۆلیس بە تورکی قسەیان کرد، بەڵام گەنجەکان بە زمانی کوردی وەڵامیاندانەوە.
لەدوای ئەوەی مۆڵەت بە چالاکیی سوێندخواردنی ژیانکردن بەکوردی درا، گەنجەکان بە زاراوەکانی زازاکی و کورمانجی هۆکاری چالاکییەکەیان بۆ رای گشتیی ئاشکرا کرد.
فەرید ئازاد، گوتەبێژی پلاتفۆرمی گەنجانی سەربەخۆ گوتی: "زۆر جۆری خۆپێشاندان هەن کە ئێمە لە کوردستان قۆناخ بە قۆناخ بە شێوازی بەرخودانی ناراستەوخۆ ئەنجامی دەدەین. چالاکیی سەرەتامان، واتە ئەم چالاکییە، سوێندخواردنی ژیانکردنە بە زمانی کوردی."
لەدوای کۆنفڕانسە رۆژنامەڤانییەکە، گەنجەکان دەستیان بە سوێندخواردن کرد، سوێندەکەش بە هەردوو زاراوەی کورمانجی و زازاکی بوو.
سوێندەکەیان بەمشێوەیە بوو: "سوێند بە ناوی خودای کوردستان، لە ئێستا بەدواوە لە کوردستان لە هەموو بوارەکانی ژیاندا بە زمانی کوردی قسە دەکەین."
ئەندامانی پلاتفۆرمی گەنجانی سەربەخۆ دەڵێن، چالاکییەکانیان بەردەوام دەبن.
ئەسمین ئەڤیندارا، ئەندامی پلاتفۆرمی گەنجانی سەربەخۆ دەڵێت: "میللەتەکەمان لە شەرم لە زمانەکەیان دەکات. شەرم لە کولتوورەکەی دەکات. ئێمە دەمانەوێت ئەمە نەهێڵین."
چالاکییەکەی پلاتفۆرمی گەنجانی سەربەخۆ بە سوێندخواردنی بە زمانی کوردی کۆتایی هات، بەڵام ئەوان دەڵێن ژیانکردنیان بە زمانی کوردی بەردەوام دەبێت.