قایمقامی پشدەر: نزیکەی 22 پڕۆژە بەهۆی نەبوونی بودجە راگیراون
رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی قەزای پشدەر رایگەیاند، بەهۆی نەبوونی بودجەیەکی دیاریکراو، نزیکەی 22 پڕۆژەی گرنگی قەزاکەیان لە سەرجەم سێکتەرەکان راگیراون. لەبارەی کۆچی گەنجانی سنوورەکەش دەڵێت، بەهۆی نەبوونی کارەوە بە ناچاری کۆچ دەکەن.
رۆژی پێنچشەممە، 05-10-2023 ئەبوبەکر بایز، قایمقامی ئەو قەزایە لەبارەی تەرخانکردنی بودجەی تایبەت بۆ قەزاکەیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، هیچ بودجەیەکی دیاریکراویان نییە و ئەوەی هەیە ساڵانە حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای پڕۆژەکانیان لێدەکات کە هەندێکیان پەیوەندی بە بودجەی پەرەپێدانی هەرێمی کوردستان، پارێزگاکان و هەندێک پەیوەندی بە وەزارەتەکانەوە هەیە.
قایمقامی پشدەر: بۆ رێگەوبان پێویستمان بە 40 ملیار دینارە
قەزای پشدەر، کە شاری قەڵادزێ ناوەندەکەیەتی و سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی راپەرینە، دەکەوێتە سنووری پارێزگای سلێمانی.
ئەبوبەکر بایز دەڵێت، "کێشەی هەندێک رێگەی سەرەکی و بەشێک لە رێگە لاوەکییەکانیان هەیە، ئەوەی لای ئێمە گرنگە لە تووەسورانەوە تاوەکو دەگاتە ژاراوە کە 12 کیلۆمەترێکە پێویستی بە شەش پردە کە تێچووەکەی زۆرە و نزیکەی 30 ملیار دینارە، رێگەیەکی دیکە هەیە لە کێلێ بۆ دارشمانە کە رێگەیەکی باشە و نزیکەی 10 کیلۆمەترێک دەبێت و ئەویش دوو ملیار دیناری دەوێت."
بە گوتەی قایمقامی پشدەر، بۆ ئەوەی گرفتی رێگەوبان چارەسەر بکەن نزیکەی 40 ملیار دیناریان پێویستە و دەڵێت، "وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە دەرخستەی تەواوی بۆ پڕۆژەکانی رێگەوبان کردووە لەرووی هونەری، ئیداری و یاساییەوە هەموو کارەکانی رێگەوبانەکان تەواو بووە و لە وەزارەتیش ئۆکەی دراوە و بەشێکی دراوە بە تەندەر، بەڵام بەهۆی نەبوونی پارە لە بانکەکان هیچ کۆمپانیایەک ئامادە نییە پڕۆژەکان وەربگرێت."
ئەبوبەکر بایز دەڵێت، چەندینجارە بە حکومەتیان گوتووە ئەگەر فریای قەزاکە نەکەون ئەوە ناوچەکەیان دەبێتە شوێنی پیر و بەساڵاچوان، شوێنەکەمان بەر نەفرەتی جوگرافیا کەوتووە و دوورە لە شارە گەورەکانی سلێمانی و هەولێر و بووەتە شارێک کە زەمینەی بەگەرخستنی کەرتی تایبەت یان سفرە یان زۆر کەمە، بۆیە کەسی دەوڵەمەندیش ئامادەنییە لە سنوورەکە وەبەرهێنان بکات، ئەرکی حوکمەتیشە لە رێگەی پڕۆژەی ستراتیژی دوورمەودا بتوانێت ژێرخانی ئابووریی ناوچەکە ببوژێنێتەوە."
"لە هاوین گرفتی کەمئاوی هەیە، بەڵام دابینی دەکەین"
ئێران لە ساڵی 2017ـەوە بەنداوی کۆڵەسەی لە شاری سەردەشتی رۆژهەڵاتی کوردستان لەسەر زێی بچووک دروستکردووە، ساڵانەش بەگوێرەی پێویستیی خۆی ئاوەکە دەگرێتەوە و ئەم ساڵ دووجار لە 25ـی حوزەیران و 25ـی ئاب ئاوی زێی بچووکی گرتەوە.
ئاوی زێی بچووک جگە لەوەی سەرچاوەی ئاوی دانیشتووانی قەڵادزێیە، هاوکات دەڕژێتە بەنداوی دووکان و بەشێکی کۆیە و تەقتەقیش سوود لە هەمان ئاو وەردەگرن.
قایمقامی قەزای پشدەر لەبارەی گرفتی کەم ئاوی دەڵێت: "زۆرجار لە هاوین بەهۆی گرتنەوەی ئاو لەلایەن ئێرانەوە گرفتی ئاو دروست دەبێت، بەڵام بەردەوام ئاو گەیێندراوەتە شاری قەلادزێ و هاونیشتمانیان کە ئەوەش زیاتر لە هاوینان دروست دەبێت، ئەگەرنا سنوورەکە زۆر گرفتی ئاوی نییە."
قایمقامی پشدەر داوا دەکات حکومەتی هەرێمی کوردستان بەنداوی دەڵگە دروست بکات کە ئاسایشی ئاوی دەریاچەی دووکان، بتوێن و پشدەریش دابین دەکات هاوکات بە نێودەوڵەتیکردنی دەروازەی کێلێ و گرنگیدان بە کەرتی گەشتیاری.
بۆ چارەسەرکردنی گرفتی کەم ئاوی لە باشووری کوردستان، 10 ساڵە بڕیار دراوە بەنداوی دەڵگە لەسەر زێی بچووک بە بڕی 600 ملیۆن دۆلار لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دروست بکرێت، بەنداوەکە 100 ملیۆن مەتر سێجا ئاو دەگرێت، بەڵام تائێستا جێبەجێ نەکراوە.
نزیکەی 22 پڕۆژەی پشدەر وەستاون
قایمقامی قەزای پشدەر دەڵێت، نزیکەی 22 پڕۆژەیان بەهۆی نەبوونی بودجەوە وەستاون، بەشێک لەو پڕۆژانە کەس ئامادەنییە وەریانبگرێت و بەشێکیان کاری تێدا کراوە و بەهۆی نەبوونی بودجە راگیراوە.
بە گوتەی قایمقامی پشدەر بێت، زۆربەی گەنجانی سنوورەکەیان بەهۆی نەبوونی کارەوە، کۆچ دەکەن و دەشڵێت، "نزیکەی 10 بۆ 15 ساڵە چەندین دەرچووی زانکۆ و پەیمانگا هەن کە دانامەزرێن، مەگەر ئەوانە نەبێت کە دەستڕۆیشتووی حیزبن، کوڕ و کچی سنوورەکە ناتوانن هاوسەرگیری بکەن، بۆیە گەنجان ناچارن بە نێو ئیجەدا بڕۆن و کۆچبکەن."
لە قەزای پشدەر چەندین شوێنی گەشتیاری هەن، بەڵام بە گوتەی ئەبوبەکر بایز، بەهۆی هێرشی بەردەوامی سەر سنوورەکانیان، وەبەرهێنەران ئامادەنین وەبەرهێنان لەو سنوورە بکەن، ئەوەی کراوە لەسەر ئاستی کەسی بووە و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش هیچ گرنگی بە کەرتی گەشتیاری لە ناوچەکە نەداوە.