ئامینە زکری: دوای سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ سنووری دهۆک چەندین پڕۆژە جێبەجێکراون

 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی پارتی رایگەیاند، لەدوای سەردانی سەرۆک مەسعود بارزانی بۆ سنووری پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ نزیکەی چوار هەزار پێشنیاز و داواکاری لە هاونیشتمانیان وەرگیراون. چەندین پرۆژەش لە بواری کشتوکاڵ، گەشتیاری و خزمەتگوزاریی گشتی جێبەجێکراون. جێگری پارێزگاری دهۆکیش دەڵێت، "هەموو ئەو پڕۆژانەی دوای سەردانی سەرۆک مەسعود بارزانی بڕیاریان لەسەردراوە چوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە." 
 
رۆژی پێجشەممە، 05-10-2023 ئامینە زکری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، دەرئەنجامی سەردانی سەرۆک مەسعود بارزانی بۆ پارێزگای دهۆک خستەڕوو و رایگەیاند، لە نێوەڕاستی مانگی ئاب سەرۆک بارزانی شەش رۆژ لە پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بوو، چەندین دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ هەموو چین و توێژەکان هەبووە و گرنگیی بە چوار تەوەری سەرەکی دابوو. 
 
یەکەم: پێویستە گەلی کوردستان ئەوە لە بیر نەکات ئێمە خاوەنی دۆزی خۆمانین و کێشەی ئێمە پرسی خاک و جوگرافیایە. دەبێت دایکان، باوکان و خێزانەکان منداڵەکانیان لەسەر هزری نیشتمانپەروەری و وڵات پارێزی پەروەردە بکەن، پەروەردەیەکی تەندروست کۆمەڵگەیەکی تەندروست بونیاددەنێت. 
 
دووەم: دوژمنەکانمان هەوڵدەدەن لە رێگەی مادەی هۆشبەرەوە مەترسی بخەنە سەر کۆمەڵگە و هەوڵی بێ هێزکردن و لاوازکردنی کەسایەتیی مرۆڤ دەدەن. 
 
سێیەم: پێویستە تەنیا پشت بە سەرچاوەی نەوت نەبەستن و ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستان بەهێز بکەن.
 
چوارەم: بەهێزکردنی سەرچاوە ئابووریییەکان بە پشتبەستن بە کەرتی کشتوکاڵی و گەشتیاری. 
 
بەگوتەی ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی پارتی، سەرۆک بارزانی دەرفەتی بە جەماوەری دهۆک داوە بۆ ئەوەی نیگەرانی، پێشنیاز و داواکارییەکانیان بخەنەڕوو کە لە بواری کشتوکاڵ، گەشتیاری و پڕۆژەی خزمەتگوزاری نزیکەی چوار هەزار داواکارییان هەبووە و هەمووی لەلایەن دەستەی چاودێری و بەدادواچوون و سکرتارییەتی سەرۆک بارزانی وەرگیراون و کاری جیددیان لەسەر کراوە.
 
ئامینە زکری دەڵێت، هەندێک پڕۆژەی خزمەتگوزاری کە داواکاری خەڵک بوون، راستەوخۆ سەرۆک بارزانی بڕیاری جێبەجێکردنی دا و لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رەزامەندی جێبەجێکردنیان درا و پارەی پێویستیان بۆ تەرخانکرا.
 
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی پارتی بەشێک لە ئەنجامی سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ پارێزگای دهۆک خستووەتەڕوو بەمشێوەیە:
 
- زیاتر لە 18 ملیار دینار بۆ 20 پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە قەزای سێمێل تەرخانکرا بۆ پڕۆژەکانی رێگەوبان، کارەبا، پەروەردە، ئاو و ئاوەڕۆ و فروانکردنی سەوزایی.
 
- دروستکردنی باڵەخانەی کۆلێژی پەروەردەی بنەڕەت لە ئامێدی. دروستکردنی باڵەخانەی دادگە لە ئامێدی. بۆ هەردوو پڕۆژە زیاتر لە نۆ ملیار دینار تەرخانکراوە. 
 
- دروستکردنی هۆڵێکی رێورەسمەکان لە قەزای بەردەڕەش کە زیاتر لە حەوت ملیار دیناری بۆ تەرخانکراوە. 
 
- دروستکردنی یاریگەی سیمێل بۆ تۆپی پێ کە زیاتر لە پێنج ملیار دیناری بۆ تەرخانکراوە. 
 
- دروستکردنی پڕۆژەی تونێڵی پیرس بە درێژی 3 کیلۆمەتر کە زیاتر لە 141 ملیار دیناری بۆ تەرخانکراوە. 
 
- بڕیاری دروستکردنی مۆزەخانەی  قەڵای نزارکێ دراوە. 
 
- جێبەجێکردنی پڕۆژەی ئاوی ئاکرێ بە گوژمەی 109 ملیار دینار. 
 
لە بواری گەشتیاریدا، بە گوتەی ئامینە زکری، تا ئێستا ئەم پڕۆژانە جێبەجێکراون و پڕۆسەکەش بەردەوامە: 
 
- دانانی بەردی بناخە بۆ کۆمەڵگەیەکی گەشتیاری لە سۆلاڤ - ئامێدی کە هوتێل، مەلەوانگە و موتێل لە خۆدەگرێت
دانانی بەردی بناخە بۆ گەراجێکی سێ نهۆمی لە سۆلاڤ - ئامێدی. 
 
- نۆژەنکردنەوە و دروستکردنی رێگەوبان و بازگە لە نێوان پاریزگاکانی دهۆک و موسڵ. 
 
- قەدەخەکردنی بە کرێدانی باخ بە گەشتیاری بیانی بە مەبەستی گرنگیدانی زیاتر بە هوتێل و موتێلی گەشتیاری
جێبەجێکردنی کۆرنیش لەسەر رووباری شین. 
 
لە بواری کشتوکاڵدا ئەم کارانە کراون:
 
- فێستیڤاڵی بەرهەمی خۆماڵی لە ئاکرێ
- دروستکردنی کارگەیەکی سماق لە ئاکرێ
- فێستیڤاڵی تەحین لە ئامێدی
- ئامادەکاری دەکرێت بۆ کردنەوەی فێستیڤاڵی بەرهەمی خۆماڵی لە دەڤەری بەرواری
- فیستیڤاڵی ترێ و هەنگوین لەسەر ئاستی پارێزگای دهۆک
 
لەسەرەتای مانگی تەممووزی 2023 وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان رێنمایی بۆ گەراندنەوەی پێشینەی هاوسەرگیری و خانووبەرە دەرکرد، کە تێدا هەموو ئەوانەی قەرزیان کردووە پابەندکران لە ماوەی دوو مانگ قەرزەکانیان بگەڕێننەوە ئەگەرنا 5٪ـی مووچەی کەفیلەکانیان دەبڕدرێت. 
 
ئامینە زکری لەوبارەوە دەڵێت: "وەرگرتنی قەرزی خانووبەرە و هاوسەرگیری راگیراوە و هەموو شوێنەکانی قوماریش کە هاونیشتمانیان لێی نیگەران بوون دادەخرێن، هێزە ئەمنییەکان و لایەنی پەیوەندیدار ئاگادارکراونەتەوە بە جدی رووبەڕووی مادەی هۆشبەرببنەوە، بەتایبەتی بازرگانانی مادەی هۆشبەر و رێکاری تووندی ئەمنییان لەگەڵدا بگیرێتەبەر و هەر بەو مەبەستە لەم رۆژانە کۆنفرانسێکی زانستی بۆ بەڕەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەر لە دهۆک ساز دەکرێت."
 
ماجید سەید ساڵح، جێگری پارێزگاری دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هەموو ئەو پڕۆژانەی دوای سەردانی سەرۆک بارزانی بەردی بناخەیان دانراوە کاریان تێدا دەکرێت، بەشێک لە داواکارییەکانیش لە بواری کشتوکاڵ بووە، بەتایبەتی کردنەوەی فێستیڤاڵ لە سنوورەکەمان زۆر گرنگی پێ دەدرێت بە نموونە ئەم ساڵ بۆ بەرهەمی خۆماڵی کرایەوە لە دەستپێکی مانگی یازدەش لە ئامیدی تەحینی خۆماڵی زۆر هەیە کە لەوێش فیستیڤاڵ دەکرێتەوە و چەندین فیستیڤاڵی دیکە."
 
بە گوتەی جێگری پارێزگاری دهۆک، ئەو پڕۆژانەی سەرۆک بارزانی بڕیاریداوە جێبەجێبکرێن کاریان لەسەر دەکرێت و دەڵێت: "ساڵانە و مانگانە بەردی بناخە بۆ چەندین پڕۆژە دادەنێن و بەشێکیان دەکەینەوە کارەکان بەردەوامن سەرەرای ئاڵنگارییەکان، بەڵام کارەکان هەر بەردەوامە."
 
کۆبوونەوەکانی سەرۆک مەسعود بارزانی لەگەڵ هاووڵاتییانی پارێزگای دهۆک، رۆژی هەینی، 18-08-2023 لە قەزای ئاکرێ-وە دەستیپێکرد و لە هۆڵی کۆنفرانسەکانی ئاکرێ لەگەڵ چین و توێژەکانی سنووری هەردوو قەزای ئاکرێ و بەردەڕەش کۆبووەوە و لە نزیکەوە گوێی لە داخوازییەکانیان گرت.