لە دوو رۆژدا زیاتر لە 650 کۆچبەری نایاسایی گەیشتنە دوورگەی کەناری لە ئیسپانیا

رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسانی ئیسپانیا رایانگەیاند لە ماوەی دوو رۆژدا زیاتر لە 650 کۆچبەر بە پێنج بەلەمەوە خۆیان گەیاندووەتە دوورگەی کەناری لە وڵاتەکە. 
 
میدیای فەرمی ئیسپانیا (EFE) لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (توویتەری پێشوو) بڵاوی کردەوە، رۆژی سێشەممە و چوارشەممە پێنج بەلەمی پڕ لە کۆچبەر گەیشتوونەتە دوورگەکە، ژمارەی کۆچبەرەکانیشی بە زیاتر لە 650 کۆچبەر خەمڵاندووە.
 
بەگوێرەی دەزگای فریاگوزاری دوورگەی کەناری، یەکێک لە بەلەمەکان 280 کۆچبەری هەڵگرتووە و سێ بەلەمی دیکەش بەیەکەوە گەیشتوونە دوورگەکە کە زیاتر لە 200 کۆچبەریان هەڵگرتووە، دەزگاکە دەشڵێت، بەهەمان شێوە رۆژی چوارشەممەش بەلەمێکی دیکە بە 128 کۆچبەرەوە گەیشتووەتە دوورگەکە. 
 
بەپێی میدیای فەرمی ئیسپانیا لە ساڵی 1994ـەوە هیچ بەلەمێکی کۆچبەران بەو ژمارە زۆرەی کۆچبەران نەگەیشتووەتە دوورگەکە.
 
ئەو کۆچبەرانەی کە دەگەنە دوورگەکانی ئیسپانیا، سەرەتا 72 کاژێر لەلایەن پۆلیسەوە دەستبەسەر دەکرێن و دوای ئەوەش دەگوازرێنەوە بۆ نێوەندەکانی کۆچبەران بۆ ئەوەی پێداچوونەوە بە کەیسەکەیان بکرێت. 
 
بەگوێرەی وەزارەتی ناوخۆی ئیسپانیا، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو 30 ئەیلوول، نزیکەی 15 هەزار کۆچبەر بە بەلەم خۆیان گەیاندووەتە دوورگەی کەناری، ژمارەکەش بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو، بەڕێژەی 20٪ زیادیکردووە.
 
وەزارەتی ناوخۆی ئیسپانیا دەشڵێت، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو کۆتایی مانگی ئاب، نزیکەی 22 هەزار کۆچبەر بەشێوەیەکی نایاسایی خۆیان گەیاندووەتە ئیسپانیا، کە زیاترە لە ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی لە تەواوی ساڵی رابردوودا گەیشتوونەتە وڵاتەکە.
 
بەگوێرەی ئامارێکی دەزگای پەنابەرانی یەکێتیی ئەوروپا، ژمارەی ئەوانەی لەنیوەی یەکەمی ئەمساڵدا لە وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا داوای مافی پەنابەرییان کردووە بەراورد بە هەمان ماوەی پار، بەڕێژەی 28٪ بەرزبووەتەوە.
 
لەنێو وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا، ئەڵمانیا لە پلەی یەکەم دێت کە زۆرترین پەنابەری لەخۆگرتووە، بەجۆرێک کە 62٪ـی ئەو کەسانەی لە وڵاتانی ئەندامی یەكێتییەکە داوای مافی مانەوەیان کردووە، لەو وڵاتە بوون کە زۆربەیان پەنابەری سووریایی و ئەفغانین.
 
بەگوێرەی ئامارەکانی دەزگای پەنابەرانی یەکێتیی ئەوروپا، 41٪ـی ئەو کەسانەی کە لە وڵاتانی ئەندامی یەكێتییەکە داوای مافی مانەوەیان کردووە، داواکەیان قبووڵکراوە.