لە ماوەی 10 ساڵدا 14 بنکەی تەندروستی لە سنووری شارباژێڕ داخراون


رووداو دیجیتاڵ

لە ماوەی ساڵانی رابردوودا لە سنووری شارباژێڕ 14 بنکەی تەندروستی داخراون. دانیشتوویێکی گوندی بێورێ لە سنوورەکە دەڵێت، پێنج ساڵە بنکەی تەندروستیی گوندەکەیان داخراوە، بۆیە دەبێت سێ کیلۆمەتر یان زیاتر لە 20 کیلۆمەتر ببڕێت تاوەکو دەگاتە نەخۆشخانەیەک بۆ دانانی دەرزییەکەی.
 
عایشە سەعید، دانیشتووی گوندی بێورێ بە رووداوی گوت، "ئێستا من پێویستم بە دەرزییە لەخۆمی بدەم، چونکە نەخۆشم، بەڵام پزیشک لە نەخۆشخانەی گوندەکەمان نییە، ئێمە چەندێکە دانیشتووی گوندی بێورێین، بۆیە پێویستە یارمەتیمان بدەن بۆئەوەی لێرە بمێنینەوە. ئێستاش دەبێت ئۆتۆمبێلێک پەیدابکەم و بچم بۆ گوندی مڕانێ بۆلای پزیشک، لەوێش کە دەوام نەبێت، دەبێت بەبێ چارەسەر بگەڕێینەوە، چونکە ناگەینە گوندی کەناروێ و ئەوێ دوورە. هەندێکجار ئۆتۆمبێل دەستناکەوێت و بە کۆڵ دەمبەن بۆ گوندی مڕانێ."
 
دانیشتووانی گوندەکان داوای خزمەتگوزاریی تەندروستیی زیاتر لەو بنکە تەندروستییانە دەکەن کە هێشتا دانەخراون.
 
سدیق محەممەد تەگەرانی، دانیشتووی گوندی تەگەران باسی لەوە کرد، "هەرکات هاتبین بۆ بنکەی تەندروستیی گوندەکەمان، کارمەندەکان لەکاتی خۆیاندا دەوام دەکەن، بەڵام هەندێک کەموکوڕی لە دەرمانەکان هەیە و هەندێک دەرمان دەستناکەوێت، بۆیە داواکارین لە حکومەتى هەرێمی کوردستان خزمەتگوزاریی تەندروستیی زیاترمان بۆ دابین بکەن."
 
بنکەی تەندروستیی تەگەران کە لە یەکێک لە قەرەباڵخترین گوندەکانی شارباژێڕە، لە مانگێکدا نزیکی 35 نەخۆش سەردانی دەکەن. 
 
مەلەک عەلی، یاریدەدەری پزیشک لە بنکەی تەندروستیی گوندی تەگەران گوتی، "ئەو چارەسەرییانەی لێرە دەکرێن شتی سادەن، بەنموونە قوڕگ ئێشە، کۆکە، ئیلتیهاب یان هەستیاری و هەندێک چارەسەری دیکە هەیە، دەرمانی پێویستیشمان لەبەردەستە، بەڵام هەندێک کەس بۆ دەرمانی گوشاری خوێن و شەکرە سەردان دەکەن، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئێمە پزیشک نین، ناتوانین ئەو دەرمانانە بدەینە نەخۆش، بۆیە هەر لە کۆگەوە ئەو دەرمانانە نادەنە ئەو بنکە تەندروستییانەی پزیشکیان تێدا نییە." 
 
بەهۆی دانەمەزراندنی تەندروستکاری نوێوە، چاوەڕێی داخستنی بنکەی تەندروستیی دیکەش لە سنوورەکە دەکرێت.
 
ئاوات مەحموود، بەڕێوەبەری تەندروستیی چوارتا ئاماژە بەوە دەکات، "ساڵانە کارمەندانی تەندروستی خانەنشین دەبن یان مۆڵەتی بێ مووچە وەردەگرن یان سەفەر دەکەن، واتە کاتێک کارمەندێک کەم دەکات کەسی دیکە لە جێگەی دانامەزرێتەوە، بۆیە 14 بنکەی تەندروستی لە شارباژێڕ داخراون. ئەم ژمارەیەش بەداخەوە روو لە زیادبوونە، چونکە دامەزراندن نییە. کێشەی بنکە تەندروستییەکانی گوندەکان لە دەرماندا نییە، بەڵکو تەنیا نەبوونی کارمەندە."
 
لە کۆی 68 بنکەی تەندروستی لە شارباژێڕ، لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا 14 دانەیان داخراون.