بەرپرسێکی بەرەی تورکمانی: بە هاکان فیدانمان گوت لە هەرێمی کوردستان مافی تورکمانەکان دراوە
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی سەردانەکەی هاکان فیدان، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا "MIT"، بۆ لای بەرەی تورکمانی لە شاری هەولێر بە ئاسایی ناودەهێنێت و دەڵێت: "بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانە." سەرۆکی فراکسیۆنی بەرەی تورکمانیش لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت: بە هاکان فیدانیان گوتووە مافی تورکمانەکان لە هەرێمی کوردستان دراوە.
رۆژی سێشەممە، 4ـی ئۆکتۆبەری 2022، حەسەن تۆران، سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێراق دوو وێنەی کۆبوونەوەی خۆی و ژمارەیەک لە بەرپرسانی بەرەی تورکمانیی عێراقی لە بارەگای حیزبەکە لە شاری هەولێر لەگەڵ هاکان فیدان، بەرپرسی دەزگای هەواڵگریی تورکیا "MIT" بڵاوکردەوە و لە ژێر دوو وێنەکەدا نووسیویەتی: "سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێراق حەسەن تۆران پێشوازی لە سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا هاکان فیدان کرد لە بارەگای بەرەی تورکمانی عێراقی لە پارێزگای هەولێر و بە ئامادەبوونی سەرکردەکانی بەرەی تورکمانی."
زۆری پێنەچوو بەرەی تورکمانی و بەشێکی بەشداربووان و بەرپرس و پەیج و هەژمارەکانی بەرەی تورکمانی هەمان ئەو دوو وێنەیە و هەمان نووسینیان بەبێ زیاد و کەم بڵاوکردەوە، لەوانە ئایدن مەعرووف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان.
رۆژی چوارشەممە، 5ـی ئۆکتۆبەری 2022، ئەمیر عیززەت، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند سەردانەکەی هاکان فیدان لە شاری هەولێر تەنیا بۆ لای بەرپرسانی بەرەی تورکمانی بووە و لە چوارچێوەی پەیوەندییە ئاساییەکان بووە.
بەرپرسەکەی بەرەی تورکمانی کە کەسی یەکەمی لقی هەولێری ئەو حیزبەیە کە هاکان فیدان میوانیان بوو، گوتی سەردانەکەی هاکان فیدان بۆ لای بەرەی تورکمانی هیچ مۆرک و باکگراوندێکی ئەمنی هەڵنەگرتووە، بەڵکو بە قسەی ئەو کە بەشدارێکی کۆبوونەوەکە بوو: "لە چوارچێوەی سەردانێکی فەرمی بۆ هەرێمی کوردستان سەردانی ئێمەشی وەکو بەرەی تورکمانی کردن کە هاوکارێکی سەرەکیی تورکمانەکان و بەرەی تورکمانییە."
ئەمیر عیززەت رەتیکردەوە سەردانەکەی هاکان فیدان ئەمنی و نهێنی بووبێت، دەڵێت: "سەردانەکە نزیکەی یەک کاژێری خایاند، دەتوانی بڵێین کۆبوونەوە نەبوو، سەردان بوو. هیچ رەهەندێکی ئەمنی نەبووە، ئەگەر ئەمنی و نهێنی و شاراوە بووایە ئاوا قەرەباڵخ نەدەبوو و وێنەکانیش بڵاونەدەکرانەوە."
سەرۆکی فراکسیۆنی بەرەی تورکمانی لە پەرلەمانی کوردستان باسی هۆکاری سەردانەکەی هاکان فیدان بۆ لای بەرەی تورکمانی دەکات لە شاری هەولێر. رۆژی چوارشەممە، 5ـی ئۆکتۆبەری 2022، هیمداد سەباح، سەرۆکی فراکسیۆنی بەرەی تورکمانی لە پەرلەمانی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "سەردانەکە بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخەکەیە، هەروەها باسی پەیوەندیی هەرێمی کوردستان و تورکیا لە رووی بازرگانی، سیاسی و ئاسایش کرا، لەگەڵ پرسی پەکەکە، دۆخی تورکمانەکان لە هەرێمی کوردستان و پێکهێنانی حکومەتی عێراق و چەند باسێکی دیکە."
بە گوتەی ئەو بەرپرسەی بەرەی تورکمانی، هاکان فیدان باسی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و تورکیای کردووە و گوتی: "هاکان فیدان گوتی لەگەڵ هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی باشیان هەیە بەتایبەت لە رووی سیاسی، بازرگانی و ئەمنی، دەیانەوێت بەهێزتر بێت و زیاتر گەشە بکات."
پرسی پەکەکە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەی هاکان فیدان و بەرپرسانی بەرەی تورکمانی بووە. هیمداد سەباح لەو بارەیەوە گوتی: "هاکان فیدان باسی لەوە کرد کە پەکەکە ئێستا زیاتر کێشەیە بۆ عێراق و ناوچەکەش بەگشتی نەوەک بۆ تورکیا بەتەنیا، ئەوەشی لە رۆژانی رابردوو بە بەرپرسانی عێراق گوتووە کە پەکەکە سەر ئێشەیە و دەبێت ئەو کێشەیە چارەسەربکەن."
لە کۆبوونەوەی بەرەی تورکمانی و هاکان فیداندا، نزیکەی 15 بەرپرسی بەرەکە ئامادە بوون، سەردانەکەش دوای هەفتەیەک لە هێرشە مووشەکی و درۆنییەکەی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان دێت کە شەهیدکردنی 17 کەس و بریندارکردنی زیاتر لە 50 کەسی دیکەی لە پێشمەرگە و پەنابەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان لێکەوتەوە.
هیمداد سەباح رەتیکردەوە لە کۆبوونەوەکەدا باسی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هێزەکانی رۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستان کرابێت.
سەبارەت بە بابەتی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق و دید و تێڕوانینی تورکیا لەبارەیەوە. سەرۆکی فراکسیۆنی بەرەی تورکمانی گوتی: "هاکان فیدان باسی پێکهێنانی حکومەتی عێراق کرد، بەڵام زۆر بەقووڵی نا، ئەو گوتی تورکیا ئامادەیە رۆڵی لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان لایەنەکان هەبێت و هەر شتێک خێری بۆ عێراق تێدا بێت ئەوان ئامادەن بیکەن."
سەرۆکی فراکسیۆنی بەرەی تورکمانی باسی لەوە کرد لە کۆبوونەوەکەدا بە ئەرێنی باسی دۆخی تورکمانەکانیان لە هەرێمی کردووە و گوتی: "ئێمە بۆ هاکان فیدانمان باس کرد کە تورکمانەکان لە هەرێمی کوردستان مافەکانیان دراوە و دۆخی تورکمانەکانمان بە پۆزەتیڤ بۆ گواستەوە، باسمان لەوە کرد کە لە سیاسیەتدا هاوسەنگی پەیڕەو دەکەین و ئێمە وەکو تورکمانەکانی هەرێمی کوردستان رەوشمان باشە، هاکان فیدانیش ئەوەی پێباش بوو."
هاکان فیدان کە بە ئەندازیاری پەیوەندییەکانی حکومەتی تورکیا لەگەڵ عێراق و سووریا و ئێران دادەنرێت و دەیەوێت لە رێگەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ سووریا و باشترکردنی ئەو پەیوەندییانە لەگەڵ عێراق، ئەو دوو وڵاتە زیاتر رووبەڕووی پەکەکە ببنەوە، رۆژی 11ـی مانگی رابردووش لە سەردانێکی رانەگەیێندراویدا لە بەغدا بوو.